بیر لە ژیانی خەڵك بكەنەوە

  07/07/2020  |    494 جار خوێندراوەتەوە
سیاسەتی كەم كردنەوە و دواخستنی مووچەی فەرمان بەران ئەوپەڕی ستەمكارییە بەرامبەر بە مافی ڕەوای  فەرمان بەرانی هەرێم دەكرێت، پێشتر و ئێستاش زۆر جەختمان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە حكومەتی پێشوو، تەنانەت ئەم حكومەتەی ئێستاش بێت بە ئینصافەوە لەگەڵ بەغداد بگەنە رێككەوتن و كێشەكانیان لە ناوەند چارەبكەن.
 بەڵام ئەو كاتەی كە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ وەك دروشم لە هەرێم بەرزكرابووە و دۆخی ئابوریش لە ئێستا باشتربوو، بەرپرسانی حكومەت لە هەرێم لەبەر دڵی توركیاو رێككەوتنی پەنجاساڵەی نەوت، هەركاتێك هاتبێتنە بەغداد و لەگەڵ ناوەند كۆبوبێتنەوە، ئاستی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغداد خراپتر كردووە، وەهایان لە بەغداد كردووە كە باش لەوە تێبگات كە  هەرێم نیەتی نەبووە لەگەڵیان رێكبكەوێت. بەڵكو سیاسەتی كات كوشتنی لە گفتوگۆكاندا پەیڕەو كردووە، دواجار ئەوەش ئەو بارگرانییە لێكەوتەوە كە ئێستا لەسەر شانی مووچەخۆرانی هەرێم دروست بووە.
 ئێستا  كەدەیانەوێ بگەنە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، بەڵام هەرچاویان لەوەیە كە بەرژەوەندییە كۆنەكان بپارێزن و لەسەر خواستی خۆیان نەیەنە خوارەوە.
 لەم رۆژانە حكومەت بەخشتەیەك مووچەی فەرمان بەرانی هەرێمی كەم كردەوە ئەوەش غەدرێكیترە لە مافی فەرانبەرانی هەرێم دەكرێت.
 لەم دۆخەی كە كۆڕۆنا بەربڵاوە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵك دروستكردووە، حكومەت دەبوو هاوكاری خەڵكی بكردایەو پشتیوانیان بوایە تا دۆخیان خراپ نەبێت. بەڵام بەداخەوە بێ گوێدانە ئاستی بژێوی خەڵك باری گرانی سەرشانی هاوڵاتیانی زیاتر قورستركرد.
چ ویژدانێكە ئەوە قبوڵبكات كە سیاسەتی برسی كردن بەرامبەر بەمووچەخۆرانی خۆت پەیڕەوكەیت؟ كارمەندێكت چەند مانگ مووچەی نەدەیتێ لەناو ئەم پەتا نەگلیسەی كۆڕۆنادا، نابێت ماڵو منداڵی لە دۆخێكی خراپدابن و كرێی خانو نەبێت بیدات.
تۆش بێیت و بڵێیت: من هیچ سیاسەتێكم نییە! نامەوێت داهات شەفاف بكەم، نامەوێت نەوتەكە رادەست بكەم، نامەوێت رێككەوتنەكە لەگەڵ توركیا تێكبدەم، بەڵام لات ئاسایبێت خەڵك لەبرساندا نزیك مەرگ بژین و ژیانیان لەدۆزەخ دابێت.
بڕینی مووچەی فەرمان بەرانی هەرێم ، ئەوپەڕی غەدرە لە مافی مووچەخۆرانی هەرێم دەكرێت، تكایە بیر لەمیللەت بكەنەوە و دەست لە قۆرخ كاری و بردنی حەقی رەوای خەڵك هەڵگرن.
ئەم گەلە ماندوو بووە بەدەست سیاسەتە تاك لایەنەكان ، ئەم گەلە ماندوو بووە بەدەست  ناشەفافیەتی داهات و سامانەكەی، ئەم گەلە رەنجی زۆریداوە و خوێنی زۆری رشتووە تا بەم رۆژە گەیشتووە. بیربكەنەوە لە پێناو خەڵك و هاونیشتمانیان لە سەقفی داواكارییە شەخصییەكانتان وەرنەخوارەوە.
زیاتر