پەیامێکی ڕاشکاو بۆ ئەوانەی دەیانەوێ تیرۆری کەسایەتی و جەستەییمان بکەن

هۆشیار عەبدوڵا

پەرلەمانتاری عێراق
  27/12/2020  |    5815 جار خوێندراوەتەوە

ماوەیەکی زۆرە هەڵمەتێکی فراوان بۆ تیرۆرکردنمان خراوەتەگەڕ، سەرەتای ئەو هەوڵانە لە تیرۆری کەسایەتیمانەوە دەستیی پێکردوە، بە پارەی دزراوی نەوت دەیان دەزگای میدیایی و لاپەرە و پێگەیان لە تۆڕە کۆمەڵایتیەکان دژمان خستۆتە گەڕ، لە ئێستاشدا هەڕەشە لە ژیانمان دەکەن. ئەو هەڵمەتە بە فەرمانی راستەوخۆی کەسانێک بەڕیوەدەچێت کە هەمو مێژوی ژیانیان خیانەت بوە و هەرگیز سڵیان لە خۆ فرۆشیی و خاک فرۆشیی و خەڵکی کوردستان فرۆشی نەکردۆتەوە .

دەقی پەیامەکە :

دوای هەوڵەکانتان بۆ تیرۆری کەسایەتیمان لەرێگەی جنێو و تۆمەت و درۆ و هەڵبەستن و وێنە و ڤیدێۆی دروستکراوی پڕ لە بوختان و چەواشەکاریتان لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانتان،  هەڕەشەکانتان بۆ تیرۆری جەستەییمان بەچەندین رێگە دەستپێکردوە، چاوەرێین وەکو دەیان سیاسیی و چالاکوان و رۆژنامەنوس و کادری تەنانەت حزبەکەی خۆشتان تیرۆری جەستەیی و فیزیکیمان بکەن، هەر چیەکتان لە دەست دێ بێمنەت بن، دڵنیابن ئەو هەوڵانەتان بستێک لە باوەر و قەناعەتە نیشتیمانیەکانمان، لە داکۆکیکردن لە خەڵک نامانهێنێتە دواوە .

ئێمە کەسانێکین باوەرمان بە رەوایەتیی داواکانمان هەیە، بۆ ئەوە لە مەیدانیی سیاسەت و نوێنەرایەتیدا نین تا بەڵێ بۆ ئەجێنداکانتان بکەین، دەستیشمان نەگرتوە بە کڵاوی هیچ بەرژەوەندیەکی کەسیی و حزبییەوە، جگە لە چاکە و سودی گشتیی نیاز و رێگایەکی ترمان نییە، ئێمە داکۆکی لە خاک و خەڵکی هەرێم دەکەین، دژی چەتەییەکانتان وەستاوینەتەوە، ئێمەین تاڵانی نەوت و تاڵانیی ئێستا و ئایندەی ئەو  نیشتیمانە فەزح دەکەین و بە دەنگی بەرز پێتان دەڵێین بوەستن و دەستهەڵگرن .

زۆر دەمێکە خۆمان دەپارێزین لەوەی بەو زمانە بتاندوێنین بەڵام بێشەرمیی و روقایمییتان هەمو سنورێکی بەزاندوە، هەر کەس لە جێگەی ئێوە بوایە کە هەرێمی تالان و خەڵکی بێ موچە و نەوت و داهاتی تەنها بخستایەتە خزمەتی خۆیەوە وەک نەعامە دەژیا و روی نەدەهات سەری دەربێنێ کەچی ئێوە کە خیانەتتان لەگەڵ هەمو دەولەتانیی ناوچەکە خەتم کردوە و جاشیی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمی و عێڕاقیین ڕوتان بای ئەوە قایمە بە ئێمەدا هەڵبشاخێن .

ئێمە دەزانین ئێوە کێن وەک خۆتان مێژوی رابردو و ئەجێنداکانی ئێستاشتان دەناسین و دەشزانین بە ئەمری کێ هەوڵی تیرۆری کەسایەتیمان ئەدرێ، لە ئێستا و ئایندەشدا هەر مەترسیەک لەسەر ژیانی ئێمە هەبێت ئێوەن و بەس .

ڕاستیەک بزانن کێشەی ئێمە لەگەڵ ئێوە نە شەخصیە نە حزبییە نە عائیلییە بەڵکو کێشەی ژیان و گوزەران و بژێوی خەڵکە، هەتا دەستهەڵنەگرن لەبەدکاری و تاڵانیی ئەم هەرێمە ئێمە بێ سڵکردنەوە لە گوتنی راستیەکان بەردەوام دەبین .

ئێمە پێتان دەڵێن داهاتی نەوت هیی خەڵکە بیدەن بە موچە ئایا ئەوە تاوانە؟! ئێمە دەڵێین لەسەر حسابیی سیاسەتی هەڵە و کلکایەتیتان بۆ دەوڵاتانی دراوسێ خەڵک بێ ژیان بوە بەسە! ئایا ئەوە تاوانە؟! ئێوە لەبەغدا شێتی پۆست و شەیدای پارەن، کەس پێش ئێوە لەگەڵ روخانی سەدام نەگەیشتە بەغدا، کەس وەک ئێوە بەربوکی دەستوری نوێی عێراق نەبوو، ئەگەر بەغدا دوژمنە ئێوە وەزیر و گزیر و پەرلەمانتار و کۆشک و ڤێلا و کۆمپانیاکانتان چیی دەکەن لەوێ؟ !

ئێوە چۆن روتان دێ باسی پاراستنیی هەرێم بکەن؟!ئاخر هەرێمی کوردستان دوو شتە، خەڵک و خاکە. ئێوە دڵسۆزیتان بۆ خەڵک ئەوەیە داهاتەکەی دەدزن؟! ئێوە دڵسۆزیتان بۆ خاک ئەوەیە نیشیمانەکەتان کردۆتە جێگەی تەراتێنی سوپای جۆرەها بێگانە؟! ئێوە جگە لە پولپەروەری و پۆستپەروەری و بێگانەپەرستی لە کوێ زانیوتانە نیشتیمانپەروەری مانای چیە؟ !

ئێوە لەم هێرش و پەلامارە ئاست نزم و پڕ درۆیە بەردەوام بن ئێمەش لەسەر گوتنیی راستیەکان وەکخۆی بەردەوام دەبین، جا بزانین خەڵک و مێژوو باوەڕ و روحم بە کاممان دەکا؟ !

هۆشیار عەبدوڵا

۲۷ ی دێسەمبەری ۲٠۲٠


زیاتر