ئەوەی ئەمڕۆ دادگای تاوانەکانی هەولێر کردی وەرچەرخانێکی مەترسیدارە و نابێ لێی بێ دەنگ بین، دەبێ دادگای تەمیزیش ئەو هەڵەیە راست بکاتەوە، بەداخەوە ئەوە دەرەنجامێکی سروشتی بەسیاسەت کردنی دادگایە کە ئێمە٢٠ ساڵ دەبێ ھاواری بۆ دەکەین، بۆیە دەبێ:
١-خۆمان فشار بکەین پێش ئەوەی دەسەڵات ناچار بکرێ خۆی لەژێر فشاری نێودەولەتی و رێکخراوەکان راستی بکاتەوە و بیکات بەچاکەی خۆی.
کاتی خۆی دادگای تاوانەکانی هەولێر حوکمی بەڕێز کەمال سەیدقادری بە ٣٠ ساڵ زیندانی حوکمدا، لەسەر ئەوەی قسەی بە مەرحوم مەلا مستەفا کردبوو، دواجار لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەولەتی و بەتایبەتی ئەو وڵاتەی بەڕێز کەمال هەڵگری رەگەزنامەکەی بوو، حوکمەکە هەڵوەشێندرایەوە و زۆریش لەسەر سومعەتی دادگاکان و حوکمەتی هەرێمیش کەوت.
٢-ئەم حوکمە سەنگی مەحەکە بۆ هاوبەشەکانی پارتی لە حوکمەت و یان دەبی دانبەوەدا بنێن کە ئەوان هیچ نین و تەنھا دیکۆرن و دوای بەرژەوەندی خۆیان کەوتون و چیتر بەیت و بالۆرەی خزموتی خەڵک لێنەدەنەوە یان دەبێ هەڵوێستیان هەبێ و هیچ بابەتێک هێندەی ئەمە گرنگ نیە.
-بەتایبەتی یەکێتی هەمووی دورۆژە کۆبونەوەی سەرکردایەتیان یەکێک لە بڕیارەکانی داواکاردنی ئازادکردنی راگیراوەکان بوو کە مایەی دڵخۆشی خەڵک بوو ، کەچی پارتی وەک ئەوەی بیەوێ تەحەدای یەکێتی بکات لە خێراترین داگاییکردندا لە کەیسێکی گرنگ کە تۆمەتی جاسوسی و تیرۆریان خستونە پا بە دوو جەلسەی یەک لە دوای یەک و لەماوەی دوو رۆژدا کە هەرگیز وێنەی نەبوە حوکمی دان، نامەیەکی رونی یەکێتی نارد بڕیارەکەتان قیمەتی ئەو مەرەکەبەی نیە کە پێی نوسراوە.
-گۆران خۆی دەلێ یەکێک لە ئامانج و بەرنامەکانی بەشداریمان لەحوکمەت فراوانکردنی پانتایی ئازادیەکانە.
-یەکگرتوو کۆمەڵ ئۆپۆزسێۆنن واجبیانە لەبەرەی بەرگری بن لە ماف و ئازادیەکان.
خەڵکی بێلاین و یاساناس و پارێزەر و خوازیارانی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.
هەموان ئەرکی مێژویمان لەسەرە ئەم روداوە نابێ تێپەرێ.
ئازادی و بەرگریکردن لە ئازادی قوربانی دەوێ با یەکجار بەیەکەوە ئامادەی ئەو قوربانیە بین.
با بڕیاری هەڵوێستێکی کرداری یەکگرتوی سەرتاسەری بدەین و نەیەڵین ئەم روداوە مەترسیدارە تێپەڕێ.