وەرچەرخانێکی ترسناک

لەتیف شێخ مستەفا

یاساناس و سیاسەتمەدار
  16/02/2021  |    2717 جار خوێندراوەتەوە

ئەوەی ئەمڕۆ دادگای تاوانەکانی هەولێر کردی وەرچەرخانێکی مەترسیدارە و نابێ لێی بێ دەنگ بین، دەبێ دادگای تەمیزیش ئەو هەڵەیە راست بکاتەوە، بەداخەوە ئەوە دەرەنجامێکی سروشتی  بەسیاسەت کردنی دادگایە کە ئێمە٢٠ ساڵ دەبێ ھاواری بۆ دەکەین، بۆیە دەبێ:

١-خۆمان فشار بکەین پێش ئەوەی دەسەڵات ناچار بکرێ خۆی لەژێر فشاری نێودەولەتی و رێکخراوەکان راستی بکاتەوە و بیکات بەچاکەی خۆی.

کاتی خۆی دادگای تاوانەکانی هەولێر حوکمی بەڕێز کەمال سەیدقادری بە ٣٠ ساڵ زیندانی حوکمدا، لەسەر ئەوەی قسەی بە مەرحوم مەلا مستەفا کردبوو، دواجار لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەولەتی و بەتایبەتی ئەو وڵاتەی بەڕێز کەمال هەڵگری رەگەزنامەکەی بوو، حوکمەکە هەڵوەشێندرایەوە و زۆریش لەسەر سومعەتی دادگاکان و حوکمەتی هەرێمیش کەوت.

٢-ئەم حوکمە سەنگی مەحەکە بۆ هاوبەشەکانی پارتی لە حوکمەت و یان دەبی دانبەوەدا بنێن کە ئەوان هیچ نین و تەنھا دیکۆرن و دوای بەرژەوەندی خۆیان کەوتون  و چیتر بەیت و بالۆرەی خزموتی خەڵک لێنەدەنەوە یان دەبێ هەڵوێستیان هەبێ و هیچ بابەتێک هێندەی ئەمە گرنگ نیە.

-بەتایبەتی یەکێتی هەمووی دورۆژە کۆبونەوەی سەرکردایەتیان یەکێک لە بڕیارەکانی داواکاردنی ئازادکردنی راگیراوەکان بوو کە مایەی دڵخۆشی خەڵک بوو ، کەچی پارتی وەک ئەوەی بیەوێ تەحەدای یەکێتی بکات لە خێراترین داگاییکردندا لە کەیسێکی گرنگ کە تۆمەتی جاسوسی و تیرۆریان خستونە پا بە دوو جەلسەی یەک لە دوای یەک و لەماوەی دوو رۆژدا  کە هەرگیز وێنەی نەبوە حوکمی دان، نامەیەکی رونی یەکێتی نارد بڕیارەکەتان قیمەتی ئەو مەرەکەبەی نیە کە پێی نوسراوە.

-گۆران خۆی دەلێ یەکێک لە ئامانج و بەرنامەکانی بەشداریمان لەحوکمەت فراوانکردنی پانتایی ئازادیەکانە.

-یەکگرتوو کۆمەڵ ئۆپۆزسێۆنن واجبیانە لەبەرەی بەرگری بن لە ماف و ئازادیەکان.

خەڵکی بێلاین و یاساناس و پارێزەر و خوازیارانی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.

هەموان ئەرکی مێژویمان لەسەرە ئەم روداوە نابێ تێپەرێ.

ئازادی و بەرگریکردن لە ئازادی قوربانی دەوێ با یەکجار بەیەکەوە ئامادەی ئەو قوربانیە  بین.

با بڕیاری هەڵوێستێکی کرداری یەکگرتوی سەرتاسەری بدەین  و نەیەڵین ئەم روداوە مەترسیدارە تێپەڕێ.


زیاتر