نامەیەك بۆ شووققەفرۆشەكانی هەرێم..
06/02/2023
|
851 جار خوێندراوەتەوە
پێشەكی:
ئەوەی لە باكووری كوردستان و لە ڕۆژاڤا ڕوویدا، هەر تەنیا قەدەرێكی خوایی و كارەساتێكی سرووشتی نەبوو. بەڵكو شێوەژیانێكیشە كە ئێوە بەسەر هەموو خەڵكی كوردستاندا سەپاندووتانە. مژدەكەتان خۆشە كە دەتانەوێت مرۆڤ بەرزكەنەوە بۆ ئاسمان، بەڵام هەقە پێشیان بڵێن: كەوتنەخوارەوەتان مسۆگەرە.
كاتی خۆی لە 2011 كە شاری وان بوومەلەرزە لێیدا، ئەم وتارە كورتەم نووسی و هەر ئەوساش هۆشداریم بە حوكوومەتی هەرێم دا، ئەوەی لە توركیا ڕوویدا، لێرەش بەڕێوەیە. ئەمساڵیش وێنەی دوو سێ بینایەم بڵاو كردەوە و تەنیا نووسیم: دەترسم!
بەداخەوە ئەم ترسە خەریكە ببێتە واقیع.. وتارەكە وەك خۆی بڵاو دەكەمەوە، تەنیا چەند وشەیەكی بیانیم تێدا كردنە كوردی و هیوام وایە هەر شووققەفرۆشێك و نەوتفرۆشێكی شەریكیان ئەم وتارە دەخوێننەوە، تاوێك شەرم بیانگرێ و تەریق ببنەوە و لە خۆیان بپرسن: ئەوە ژیانە من تێیدا دەژیم، كاتێك ئەوەی دروستمكردووە ئاوا دەبێتەوە خۆڵ و تیكەڵ بە خوێنی هاووڵاتیان دەبێت؟:
شاری وان و قەیرانی بیناسازی
ڕێبوار سیوەیلی
1. كارەساتی شاری (وان) ڕووداویكی ناخۆشە و ویژدانی مرۆییمان بیدار دەكاتەوە. هیوادارم بەزووترین كات قوربانییە زیندووەكان ڕزگار بكرێن و مردووەكانیش جێگەیان بەهەشت بێت. بەڵام نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت، كە ئەم كارەساتە چەندە سرووشتیی و لە دەرەوەی هێزی مرۆیە، ئەوەندەش كارەساتێكی دروستكراوی مرۆڤ خۆیەتی. ئەم كارەساتە لە هەمان كاتیشدا، كارەساتێكی تەلارسازیانە و پیشەسازییە.
2. توركیا، كە لەسەر هێڵی چەندین چالاكیی ژێرزەوی و بوومەلەرزەیە، مەرجەكانی بیناسازی بەپێی ئەو شوێنەی وڵاتەكەی تیایە، ڕەچاو ناكات. هۆش و هزری تەلارسازی لەو وڵاتەدا، لە قەیرانێكی گەورەدایە، كە ئەمەش بۆخۆی ڕەنگدانەوەی قەیرانی سیاسی و ئەخلاقی و كولتووری و زانستییە. ئەوان لە داهاتوودا چۆن ئەم قەیرانە چارەسەر دەكەن و گەلانی توركیا چۆن لەم مەرگەساتانە ڕزگار دەكەن، كە لە زۆر وڵاتی تر ڕێگەچارەی جێگرەوەی بۆ دۆزراوەتەوە، ئەوەیان ئەركی حوكوومەتی ئەو وڵاتەیە.
3. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە مەترسیدارە، ئەوەیە كە ئێمە لە ئەزموونی حوكوومەتی هەرێمدا، بەبێ ڕەچاوكردنی قەیرانی پیشەسازیی توركەكان و كێشەكانیان لە بیناسازی و نەوعییەتی كەرەستەكانیدا، بۆ ئەم لایەنە زۆر پشتمان پێبەستوون و بە بڕی ملیۆنان دۆلار پارەی ئەم وڵاتە دەچێتە گیرفانی ئەو كۆمپانیایانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ فیلتەرێكی كۆنتڕۆڵ و دڵنیایی جۆرییمان لەسەر دانابن. جگە لەوەی ئەو كۆمپانیایانە كاریگەریی كولتووری خۆیان هەیە، لە ڕەواجدان بە توركەنەكردنی وڵاتەكەمان و بە شێوازی تر بڵاوكردنەوەی كولتووری خۆیان لە میانەی سەوداو بازاڕدا، ئاواش هیچ گەرانتێك و دڵنیاییەك نییە، كە پاش چەند ساڵێكی تر كارەساتی وان لە هەولێر و سلێمانی و شارەكانیتریش دووبارە نەبنەوە.
4. ئایا دەبێت چەندە چاوەڕوان بین، بۆ ئەوەی ڕووداوی داڕمانی بینای هەشت نهۆمی میعماریی توركەكان لە وڵاتی خۆماندا ببینین؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە پێویستە حوكوومەت و بازرگانەگەورەكانی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتدارانی شەریك لەو ڕێكەوتنە بازرگانیانەدا، بیرێكی لێبكەنەوە. ئەوان كە نەیانتوانی فیلتەر بۆ نەهێنانی دەرمان و خۆراكیی قتووكراوی بەسەرچوو، دابنێن و دواجار هەموو هەڕەشەیەكیان تا سنووری سنوور بەزاندن قەبووڵ كرد، ئێستا دەبێت چاوەڕوانیی شتیی دیكەش لە حوكوومەتی توركیا بن. هیوادارم میللەتانی توركیا، هەرچی زووە لەم كارەساتە ڕزگاریان ببێت، بەڵام هیواداریشم ئەم كارەساتە ئەخلاقی سیاسیی حوكوومەت و هێزە دەمارگیرەكانیتری توركیا بگۆڕێت و دەرفەتێك بێت بۆ بە خۆداچوونەوە، چونكە وەك دانایەك گوتویەتی، هەموومان لەبەردەم خوادا یەكسانین. ئەم ڕووداوە وامان لێدەكات بڵێن: هەمووشمان لەبەردەم تراژیدیا و مەرگدا یەكسانین.
24/10/2011
|