ئەو گرێبەستانەی ساڵانی رابوردوو لەنێوان هەرێمو تورکیا سەبارەت بە نەوت ئیمزا کراوە، چیکە قبوڵ ناکرێ
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی
28/03/2023
|
1436 جار خوێندراوەتەوە
ڕ- ئەو گرێبەستانەی ساڵانی رابوردوو، لە هەلومەرجی گەمارۆدانی کوردستاندا، لەنێوان هەرێمو تورکیا، سەبارەت بە نەوت، وەکو فیتباک ئیمزا کراوە. لەم هەلومەرجەدا، لەبەر گەلێ هۆکاری ئابوری، سیاسی، نێودەوڵەتیو ناوچەیی، چیکە قبوڵ ناکرێ.
ب- ئەم بڕیارە، حکومەتی هەرێم ناچار دەکات، بە دو قۆناغ، کێشەکانی لەگەڵ بەغداد، چارەسە بکات:
یەکەمیان: قۆناغی پێش پەسەندکردنی یاسای نەوتو گاز، هەرێم دەبێ کێشەی موچە لەگەڵ بەغداد، یەکلایی بکاتەوەو دڵنیایی سەبارەت بە موچەو بودجە، هەندێک لە پێویستیەکانی پارێزگاکان، هێزی چەکدارو هەندێک پرۆژەی نیشتمانی وەربگرێ. خۆشبەختانە لەسەر بودجە، گەڵاڵەی رێکەوتن ئامادەکراوەو بۆ مانگی پێنجیش، رەنگە پەسەند بکرێ.
دووەمیشیان: دوای پەسەندکردنی یاسای نەوتو گاز، ئیتر بۆ هەمیشە کێشەی چۆنیەتی هەناردەی نەوتو داهاتەکەیو ئەرکو مافەکانی ئەم پرسە، کۆتایی پێ دێ.
وەکو تر، ئەو کێشانە، کوتو مت ئابورین. زۆرتر پەیوەندییان بە پسپۆڕو کۆمپانیاکانو شارەزایانی دەستورەوە هەیە؛ حکومەتی هەرێم، کارێکی چاک دەکات، بە ئارامیی لەتەک ئەم کێشەیەدا، هەنگاو هەڵدێنێ. خۆزگە، لەدوای روخاندنی سەدامو پەسەندکردنی دەستورەوە، ئەم کێشەیە چارەسەر بکرایەو رێگە نەدرایە بگاتە ئەم دۆخە. لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە، زۆر ناخایەنێ، لەڕووی یاساییو ئابوریو بگرە سیاسیشەوە، چارەسەر دەدۆزرێتەوە.
نە حکومەتی عێراق، دوای (١٠٢) ساڵ لەدامەزراندنی دەوڵەتەکە؛ زیاتر لە (٩٠) ساڵ لە دۆزینەوەی نەوتو هەناردەکردنی؛ ئەو هەموو تاقیکردنەوەو کێشەو بێشەیەی لەڕووی: گەندەڵیەوە، لاوازی ژێرخانەوە، کێشمەکێشی سیاسیەوە، تایفەگەریەوە، دەستتێدەروانی دەرەکیەوە، وێرانی ژێرخانەوە، ئاڵۆزی سیستەمەکەیەوە، قەیرانی قەرزەوە..تاد. بەو هۆیە بنچینانەوە، حکومەتی عێراق، ناتوانێ، تەنها لەبەر بڕیاری دادگای پاریس، ئەویش تەنها لەسەر کەیسی نەوت، عێراق ناتوانێ لە رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەسەر کۆی کێشەکان بێباک بێ. چونکە، کێشەی نەوت، توند گرێدراوی کێشەکانی دیکەی عێراقە. بە کوردستانیشەوە.
حکومەتی هەرێمیش (٣١) ساڵە، ئەزمونی حوکمڕانی هەیەو چەندین قۆناغی لەگەڵ بەغداد تاقیکردۆتەوە. لە کێشەی نەوتو گاز، باقی سێکتەرە ئابوریەکانیش، باش شارەزایە. بۆیە، دڵنیاین، لەدوای بڕیاری پاریسەوە، هەرێم، نە بێ کارتی ئابوریو سیاسییە، نە بێئەزمونە، نە هەرێمێکی دابڕاوی بێ پشتیوانیشە. بۆیە، هەقوایە، نەک نابێ هەرێم ئەم بڕیارەی پاریس هەراسانی بکات، بەڵکو پێویستە، وەکو رەهەندی نوێی چارەسەری کۆی کێشەکان، سەیری بکات. لەپێش هەمویاندا، چارەسەری چۆنیەتی جێبەجێکردنی دەستورو مادەی ١٤٠و قەرەبووی تاوانەکان.
لەم تەنگژەیەدا، نابێ هەرێم، بوار بداتە هەندێک هێزو کاربەدەستی عێراق، پرسی نەوتو بڕیاری پاریس، بە دابڕاوی لە پرسو داخوازییەکانی دیکەی رەوای هەرێم، مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەن.
ئەگەر عێراق، بەهۆی تەنگوچەڵەمە ئابورییەکانی هەرێمەوە، بتوانێ، کەیسی نەوت بە دابڕاوی لە باقی کێشەکانی هەرێمو، بەغدادو، مافە رەواکانو مافە دەستوریەکان، بسەپێنێ، هەرێم زیانی ئابوریو سیاسیو حوکمڕانیش دەکات. لەبەرامبەریشدا، ئەگەر هەرێم بتوانێ، کەیسی نەوت، هاوشانی باقی کێشەکانی هەرێمو بەغداد، بە یەک پاکێج، دانوستانیان لەسەر بکات، بەدڵنیاییەوە، هەم کەیسی نەوتو گاز، هەم کێشەی موچەو بودجە.. ئینجا باقی مافەکانو کێشەی مادەکانی دەستوریش، دەتوانرێ پێکەوە رێکەوتنیان لەسەر بکرێ.
ئەوانە، جگە لەوەی، تکایە هەلە، کێشەی قەرەبووکردنەوەی راگواستنی فەیلیەکانی ١٩٧٢؛ راگواستنی دێهات ١٩٧٨؛ کیمبارانکردنی کوردستان ١٩٨٨؛ ئەنفالەکان ١٩٨٨-١٩٨٩..تاد. تەواوی ئەو داخوازیانە، زۆر زۆر پێویستە، بخرێنە ناو چوارچێوەی پرۆژەیەکی نوێی دانوستانەوە، لەتەک حکومەتی عێراقدا. حکومەتی عێراق (١٠٠) ساڵە دامەزراوەو غەدری شۆڤێنی لە کورد دەکات. کوردیش دەتوانێ بۆ (١٠٠) ساڵی ئایندە بەغداد بخاتە ژێر قەرزی قەرەبووکردنەوە!!
وەکو تر.. سەبارەت بە فیتباکی بێباکی هەندێک پەرلەمانتارو لایەنی سیاسیو نوسەر، لەدوای بڕیارەکەی پاریس، بەندە، لەناخەوە پێمناخۆشە ئەو فیتباکانە لەناو نەتەوەکەم لەم کاتی تەنگژەیەدا دەبیستم. بەڵام حکومەتی هەرێم، بە یەکێتیو پارتیەوە، (کەمێکیش گۆڕان) دەبێ لەگەڵ ئەم فیتباکەش، بەئارامی هەڵسوکەوت بکەن. چونکە بەشێکی زۆری ئەو فیتباکە.. حکومەتەکانی هەرێم (نەک تەنھا کابینەی نۆیەم) ئۆباڵەکەی هەڵدەگرن.
ئەو هەموو هەڵەیەی لە (٣١) ساڵی رابوردودا کراونو دیاردەی گەندەڵی کە کوردستانی خستۆتە دۆخێکی پڕاوپڕ لە ناڕەزایی.. ئەو سەدان چەتە چاوچنۆکانەی لەسایەی حکومەتەکانی کوردستاندا، هەڵتۆقیوون؛ ناکرێ، چاوەڕوان بکرێ، بەشێکی نوسەرانو پەرلەمانتارو لایەنە بەرهەڵستکارەکان، لەسەر ئەو دیاردە قێزەونانە، دەستخۆشی لە حکومەتو لایەنەکانی دەسەڵات بکەن. بۆیە، وەکو بڕیارەکانی پاریس هەلە، هەرێم بە پرۆژەیەکی نوێچەشن دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات.. هەلیشە حکومەتو لایەنەکانی دەسەڵاتیش، هەڵەکانو گەندەڵییەکانو بێمنەتی لە سیاسەتدا، کۆتایی پێبهێننو بزانن، کە مانەوەی کوردستان، لە دۆخێکی ئاوهای نەخوازراودا.. نەک تەنها بڕیاری پاریس دەتوانێ زیانی پێ بگەیەنێ، بەڵکو روداوی چاوەڕواننەکراویش، بەدوور نازانین، لەناو خودی کوردستانیشدا، رووبدات. بەتایبەتی دەمێکە باسی ئەوەش دەکەین، ناوچەکەو هەرێمو جیهانیش، ئاڵوگۆڕیان تیا رودەداتو بەشی زۆری ئاڵوگۆڕەکەش، لە بەرژەوەندی کوردستان نابن.
دەمێنێتەوە بڵێم:
ئەوەی جێی داخە، بڕیارەکانی دادگای پاریس، لەکاتێکدا دراون، کە هێزە کوردستانییەکان، لێکترازاوون؛ ئەوەی سەیرەو سەمەرەشە.. لایەنە کوردستانییەکان وا بزانن، ئەم بڕیارانەی پاریس، تەنها لایەنێک، یان دوو لایەن، جەزرەبەیان بەردەکەوێ. ئەم خوێندنەوەیە ساکارو سەرپێییە. گورزی دادگای پاریس بەر کۆی ئەزمونی هەرێم دەکەوێ. دوای ئەوە، لێکەوتەی زیانەکە، دابەش دەبێتە سەر ئەمو ئەو لایەن. کە بێگومان، وەکو پێشینان فەرمویانە؛ گورگ بەپێی خۆیو مەڕ بەپێی خۆی هەڵدەواسرێ.
بەڵام.. ئەگەر بێتو ئەقڵیەتێکی شۆڤێنی-تایفەگەری، لە بەغداد، بیەوێ دادگای پاریس، بۆ کۆنە قین بقۆزێتەوەو عێراق بەرەو سیستەمێکی مەرکەزی بگێڕێتەوە، ئەگەر ئەقڵیەتی سیاسی ئاوا، لەم دۆخەدا لە بەغداد باڵادەست بێ، بێگومان دەتوانن پەرتەوازەیی هێزە کوردستانییەکان قوڵتر بکەنو لەکوردستاندا، بیقەومێنن. بۆیە، لەم دۆخەدا دەبێ دژی هەموو پیلانێکو هەموو ئەگەرێک، وریا بین. یەکڕیزی ماڵی کوردیش دەستەبەرەو بەس!!
دەشمەوێ بۆ مێژوو بیری بخەمەوە کە:
هەر لەسەرەتاوە، کە وەزیری نەوتی سەردەمی گرێبەست لەگەڵ تورکیاو فرۆشتنی نەوتی کوردستانەوە، بەندە لە کۆبونەوەی حیزبە کوردستانیەکاندا، لەبەرامبەر پرۆژەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا، نیگەرانیم دەربڕیووە.
|