لە كاتێكدا حكومەتی هەرێم و پارتی و یەكێتی، رۆژانە باس لە نەبوونی پارە و داهات دەكەن بۆ مووچە و خزمەتگوزاری گشتی، ئامادەنین قەرزی مووچەخۆران و كۆمپانیاكانی ناوخۆ بدەنەوە، بۆ مەشق و خەرجی هێزەكانی پێشمەرگە پارە و هاوكاری لە ئەمریكا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی وەردەگرن و، بەشێك لە پێشمەرگە بەهۆی هەژارییەوە لە دراوسێ و گەڕەك و میدیاكانەوە پارەی هاوكارییان بۆ كۆدەكرێتەوە؛ وەزارەتی پێشمەرگە تەنیا بۆ "كڕینی دوو خانوو لە فیوچەر ستی" هەولێر ، بۆ "بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە" بڕی (یەك ملیار و دوو سەد و حەفتا و هەشت ملیۆن و پێنج سەد و پەنجا هەزار دینار)ی خەرجكردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی پێشمەرگە، لە رێگای روونكردنەوەیەكی رۆژنامەوانییەوە، لەبری داوای لێبوردنكردن بۆ بەهەدەردانی داهاتی گشتی بە كڕینی شوێنی نیشتەجێبوونی گرانبەها و خەرجكردنی بڕێكی زۆری پارە بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل لەنێویاندا بۆ بەرپرسانی وەزارەتەكە، یان جەختكردنەوە لە پرەنسیپەكانی شەفافییەت و ئاشكراكردنی خەرجییەكانی وەزارەتەكەی؛ لە خاڵی چوارەمی روونكردنەوەكەیدا هەڕەشە دەكات و دەڵێت "دزەپێکردن و بڵاوکردنەوەی نووسراوە فەرمییەکانی وەزارەت و بڵاوکردنەوەیان لە دەزگاکانی میدیاییدا پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانە و سەرپێچیکاران لەبەرامبەر یاسادا بەرپرسیار دەبن".
لە كاتێكدا ئەم خاڵەی روونكردنەوەكە خۆی پێچەوانەی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمە، وەك ماددەی دووی یاسای كاری رۆژنامەگەری و یاسای بەدەستهێنانی زانیاریی، بەتایبەت نووسراوەكە هیچ پەیوەندییەكی بە "ئاسایشی نەتەوەیی"
ەوە نییە، بەڵام پێدەچێت ئارەزووی خەرجكردنی پارەكە لەلایان بووبێت بە بابەتی ئاسایشی نیشتیمانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.
بەردەوامی بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەكارهێنانی پێگەكانی وەزیر و بریكار و پلە سەربازییەكان، بۆ وەرگرتنی زەوی گرانبەها و كڕینی خانوو و دروستكردنی پرۆژەی بازرگانی، بە درێژایی دەست بەكاربوونی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم بەردەوام بووە، لە كاتێكدا كابینەكە بەردەوام بانگەشەی چاكسازی و شەفافییەتی كردووە و، وتویەتی "خەرجییەكانی كەمكردۆتەوە و داهاتی زیادكردووە" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی یاسای بوودجەی ساڵانە نەبووە و پەرلەمانی كوردستانیش ئاگاداری خەرجییەكانی حكومەت نەبووە، لەنێویاندا خەرجی و بەهەدەردانەكانی وەزارەتی پێشمەرگە.