بەو خوایە لێتان وەردەگرینەوە

  01/10/2024  |    852 جار خوێندراوەتەوە
ئەمن هەولێریم .
 ئەوکاتەی ئەمن لەو هەولێرە دەژیام کاربەدستانی ئێستای شارەکەم نەیاندەزانی هەولێر لەکێندەرێیە . ئەو کاتی بابو باپیرانی من لەو هەولێرە بوون ، بابو باپیری ئەوان کەس نەیدەزانی لەکام گوندی کوردستان دەژیان . ئەمن حەفتا ساڵە لەو هەولێرەم ، ئەمن لەگەر برادەرانی خانەقاو تەعجیل وعارەبان وشۆڕش وئیسکان وئازادی وبەستەپیازەو سەیداوە سێتاقان وتەیراوە دەچوومە چایخانەی عەبۆ و سەید سەلیم و لەگەر کوڕانی قەرات لە گازینۆ لەیالی بلیاردم دەکرد ، ئەوان لە کەرج وتاران وشنۆو نەغەدە سێویان دەڕنی . 
ئەوکاتی ئەمن لەگەر دیشۆو شێرۆ و کەمال ونەجات و حیسام و جەعفەرو غازی پیاسەی جادەی باتاو مزەفەرییەو ئەسواق سیروانم دەکردو لەناو کووچەو کۆڵانەکانی قەیسەری پێکەوە دەگەڕاین ، ئەوان بە خەونیش جادەی سی مەتری هەولێریان نەدیتبوو .
ئەمن بابولباب هەولێریم ئەوانیش بابولباب بێگانە بەهەولێر . ئەوجا کە لەسەفەر دێمەوە باوەشی شارەکەی خۆم لەسەیتەڕەی هەولێر رامدەگرن وداوای ناسنامەی هەولێری بوونم لێدەکەن !!! .
ئاخ زەمان چت لەو شارە شیرینەم کرد ، ئەوە چ هەورەکی ڕەشبوو ئاسمانی شارەکەمی داپۆشی ؟. ئەوە چ ڕەشەبایەک بوو لەسەر سنوورەوە هەڵیکردو هەرچی جوانی ئەو هەولێرەیە لەگەر خۆی برد ؟. ئەوە چ کارەساتەک بوو ئەمنی کردە غەریبەو ئەوانی کردە حاکمی قەڵاو مینارە ؟ .
دە بەو خودایە لێتان وەردەگرینەوەو تاجی سەروەری دەخەینە سەر قەڵا سەرکەشەکەی هەولێرو بانگی ئازادیش لەسەر مینارەی چۆڵی دەدەینەوە ... باقی وەلسەلام ..
زیاتر