ئەو کاتەی هێرۆخان بانگهێشتی ئەردۆغانی رەتکردەوە

قادر عزیز

سیاسی
  11/01/2025  |    298 جار خوێندراوەتەوە

دوای کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال دوو جار و بە دوو رێگەی جیاواز سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان بانگهێشتی هێرۆخانی کرد کە سەردانی ئەنقەرە بکات ، جارێکیان بەرێگەی دکتۆر نجم الدین کریم و جارەکەی تریش بە رێگەی قوباد تاڵەبانی.

لە کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیدا بابەتی ئەو بانگهێشتنامانە و سەفەری هێرۆخان بۆ تورکیا باسکرا، هێرۆخان بە توندی رەتیکردەوە کە بانگهێشتنامەی ئەردۆغان بۆ ئەو سەردانە قبوڵ بکات. گوتی من دەزانم بۆ پەیدەوندی یەکێتی و تورکیا ئەو سەردانە چەند گرنگە ، بەڵام لە کاتێکدا ئەردۆغان نیوەی گەلی ئێمەی لە باکور خستۆتە زیندان  و بە ئاگر و ئاسن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات ، لەم کاتەدا پێویستە ئێمە پشتیوانی میللەتەکەمان بین نەک بەدەمی ئەردۆغان پێ بکەنین و لە ورەی خۆراگری گەلەکەمان کەم بکەینەوە ، دیارە ئەوکاتە بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا جیاوازیەکی زۆری هەبوو ، لەگەڵ هەموو توندوتیژیەکی دژ بە گەلەکەمان ، بەڵام وەک ئێستا نەبوو کە ئەردۆغان شەر و داگیرکاری لە (٣) پارچەی کوردستان بە درندانەترین شێوە درێژە پێ دەدا ، لەمەش خراپتر بە تایبەتی گەمارۆی خستۆتە سەر زۆنی سەوز و فرۆکەخانەی سلێمانی ، کەچی لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەندێ لە بەرپرسی حزبەکان نۆرەیان گرتووە بۆ چوونە تورکیا و چرکاندنی وێنە لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسی ئەو وڵاتە و رێکەتنی ژێر بە ژێری و پێکەنین بە دەمیانەوە.

یادت بە خێر هێرۆخان شێرە ژنە دڵسۆز و ئازا و خاوەن هەڵوێستەکەی کوردستان ، ئەوەی بۆ مێژوو دەمێنێتەوە ئەم هەڵوێستە بوێرەی ئێوەیە ، نەک وابەستەیی و ملکەچکردن بۆ داگیرکەرانی کوردستان.

قادر عزیز
١١/١/٢٠٢٥

زیاتر