دیداری ئەمجارە دەبێت جیاوازتر بێت ؟!
15/02/2025
|
252 جار خوێندراوەتەوە
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکێتی نیشتمانی کوردستان دووەم دیداری خۆی لەژێر دروشمی (دیدگایەکی نوێ، بەهێزی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاری) ساز دەکات و لە شاری موسڵەوە دیدار دەست بەکارەکانی دەکات، لە ڕاستیدا من نامەوێ لێرە بچمەوە سەر مێژووی ئەو حزبەو چۆنیەتی دروست بوونی و شێوازی خەبات و بەڕێوبردن و قۆناغە هەستیارەکانی پێدا تێپەڕیوە، چونکە لای زۆربەمان ئەو مێژووە بەیان کراوە، لێرە ئەوەی گرنگە تیشکی بخرێتە سەرو قسەی جیدی لە بارەوە بکرێت، ئەوەیە : ( بۆچی یەکێتی دیدار سازدەکات) ! ئامانج لەو دیدارە چیە؟ ئایا دیدار دەتوانێت چ جۆرە گۆڕانکارییەک لە بەرنامەو دیدی یەکێتی دروست بکات بۆ دۆخی ئێستای خۆی وەکو حزب و هەروەها تێڕوانین و ستراتیژی ئەو حزبە بۆ کۆی ڕووداوو پێشهاتەکان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی چۆن دەبێت؟
دیارە دوابەدوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنج و نوسینەوەو داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ حزب (لە مادەی ٢٠) ی پەیڕەوەی ناوخۆی یەکێتی دا بە پێنج خاڵ دیداری گشتی یەکێکە لەو کارانەی کە لەناو پەیڕەوا هاتووە و پەسەندکراوە (یەکێتی ساڵانە پەیڕەو ئەنجامدەدات) و سەرجەم ئۆرگان و دەزگاکانی ناو حزب و کادرو هەوادارو پشتیوانانی ئەو حزبە بە پێشنیارو ڕەخنەو سەرنجەکانیان بەشداردەبن، واتە ڕوئیای کادر بۆ کۆی پرسەکان و لە سەرجەم بوارەکاندا و گەڵاڵە دەکرێن، لە دیداری ڕابردوو کە لە ( ١٢ ئازاری ساڵی ٢٠٢٢ سازکرا) ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کادرو جەماوەر بەشدارییان کردوو چەندین لیژنەی جۆراوجۆر پێک هێنران (کە ژمارەیان ١٤ لیژنە بوون)، دواجار ڕاسپاردەکانی دیدار ڕادەستی لیژنەی باڵای دیدارکران، بەشێکی ئەو ڕاسپاردانە لە کاروچالاکییەکانی ئۆرگانەکاندا ڕەنگی دایەوەو تا ئاستێکی باش هەستکردن بە بە کردارکردنی ڕاسپاردەکان دەکرا، بەو پێیە زۆرترین بۆچون و ڕاو ڕەخنەو سەرنجیان لە خۆیان گرتبوو، چونکە ڕەخنە باشترین چەمک و ئامرازە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو دەستنیشان کردنی هەڵەکانی تێکستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیرییە.
دیداری ئەم جارە پێویستە جیاوازتر بێت ( بۆ؟)، چونکە دیداری دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاری گەورە لە حزب و (دوای کۆنگرەی پێنج) و پاش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان (کەرکوک) بە تایبەتی کە یەکێتی توانی سەرکەوتنی گەورە تۆماربکات، جارێکی تر توانی بیسەلمێنێ کە کەرکوک و جەماوەرەکەی ڕویان لە حزبی شەهیدانە، دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە جارێکی تر لەوێش یەکێتی توانی گۆڕانێکی ئەوتۆ بکات لە ژمارەی کورسی و ڕێژەی دەنگەکانی زیاتربکات لە زۆربەی ناوچەو دەڤەرو شارە گەورەکانیش، ئەمە سەرباری ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی بەردەوام لە عێراق و ناوچەکە ڕوودەدەن و هاتنە پێشەوەی قەزییەی (کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان) کە یەکێکە لە بابەت هەر گرنگ و چارەنووسسازەکان بۆ گەلی کورد بەگشتی، چونکە وا چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە کورد بگات بە بەشێک لەئامانجە گەورەکانی خەباتی بۆ دەکات، ئەم ڕووداوە گرنگ و هەستیارانە وامان لێدەکات کە بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دیداری ئەم جارە بکرێت، چونکە دیدار دەبێت ڕوئیایەکی گشتگیر ترو ڕونتر بۆ یەکێتی دابڕێژێت و ستراتیژی کاری حزبی بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەردا بێت کە لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە خۆی بگونجێنێت و بڕوات، بەو پێیەی گۆڕانکاری و پێشهاتە خێراکانی جیهان دەریدەخەن کە جیهان بەگشتی بەرەو داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکانی هێز هەنگاو دەنێت، بەپێی سروشتی گەشەکردنی سیاسی و ئاڕاستەکردنی ناوەندە هەژموندارەکانی جیهان لە ڕووی هۆکارو پاڵنەرە سیاسیەکان و دامەزراوەکان شێوەو کاریگەری کارلێکی سیاسیانەوە، بۆیە گرنگە ستراتیژیەتی سیاسی گۆڕانی بەسەردا بێت. واتا گرنگە ئاکارو مۆڕاڵی سیاسی هەر پارت قەوارەیەکی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا بێت و گونجان وسازان بکاتە بنچینەی بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان. بۆیە دیداری یەکێتی لەم سەردەمەدا دەبێت جیاوازتر بێت، سیاسەت و گۆڕانکاری سیاسی حزب بە ئاڕاستەی بەدی هێنانی ئامانجی گەورەتربێت . خۆڕێکخستنەوە و خۆسازدانەوە و خۆئامادەکردن سێ پایەی گرنگی دیداربێت (چێ بکەین؟ چۆن بکەین) دوو پرسیاری جەوهەری دیداربن!
-یەکێتی و سیاسەتی ئیقلیمی .
– یەکێتی دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان .
– یەکێتی و پێگەی لە حکومەتی داھاتووی کوردستان .
– یەکێتی و مامەڵەی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی .
– یەکێتی و حزبە کوردستانییەکان
|