ئەم ملیۆنان دۆلارە دەچێتە گیرفانی کێ؟

عومەر گوڵپی

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان
  06/04/2025  |    67 جار خوێندراوەتەوە

پڕۆژەکە ناوی پاڤیلۆنە، لە باشترین شوێنی شاری هەولێر، لەنێوان هەردوو شەقامی (١٠٠ مەتریی و ١٢٠ مەتریی)، نزیکەی دوو ملیۆن مەتر زەوی بێ بەرانبەر پێدراوە!

پڕۆژەکە (٨٦٠) ڤێلا لە خۆ دەگرێت، ڤێلاکان لە ڕووبەری (٤٠٠) مەتر دووجا دەست پێدەکەن تا دەگاتە (١،٠٠٠) مەتر دووجا!
نرخی هەر ڤێلایەک لە دوو ملیۆن دۆلار (واتە: دوو سەد دەفتەر دۆلار) دەست پێدەکەن بۆ پێنج ملیۆن دۆلارو زیاتریش!
باسی خەڵکی ئاسایی و هەژارو کرێچییەکان ناکەین، بەڵام لەو نیشتیمانەی کە هێشتا زۆرێک لە کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان، ئەوانەی ئەزیزترین کەسی خۆیان بەخشی بەم خاکە، تیایدا خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان نین، ئەم پڕۆژانە چ ناوێکیان لێ دەنرێت؟

هونەریی ئەم کۆمپانیایانەی بەرپرسانی حکومڕان چییە بێجگە لە فرۆشتنەوەی ئەو زەویانەی بە بەلاش وەریان گرتووە؟ چ ئیزافەیەک بۆ ئایندەمان دەکەن؟ کوردستان بەهۆیانەوە چەند پێش دەکەوێت؟ چەند لە دادگەریی و دادگەریی کۆمەڵایەتی نزیکمان دەکەنەوە؟ چۆن بەشدار دەبن لە پێشخستنی خزمەتگوزاریی و پێشخستنی کەرتی پیشەسازیی و زانکۆکان و ژیریی دەستکرد کە تەحەدی سەردەمن؟

لەوەش گرنگتر ئەوەیە بپرسین: ئەم ملیۆنان دۆلارانە هی کێن و لە کوێوە هاتوون و دەچنە گیرفانی کێ؟ 

من پێم وایە کڕینی ڤێلایەک لەمجۆرە پڕۆژانە ئەگەر حەرام نەبێت، ئەوە خیانەتی نیشتیمانییە، هیوام وایە هەرکەسێک بە کەسابەتی حەڵاڵ پارەی پەیدا کردووە لەم پڕۆژەیەو هاوشێوەکانی ڤێلاو یەکەی نیشتەجێبوون نەکڕێت، با هەموویان ببنە موڵک و شوێنی نیشتەجێبوونی گەندەڵەکان، با ئەو خیانەتەش بچێتەسەر خیانەتەکانی تریان!

خەڵک لە هەولێر ئاوی خواردنەوەی دەست ناکەوێت، بەڵام لە پڕۆژەی “پاڤیلۆن” دەریاچەی دەستکرد هەیە!
لە داهاتوودا، لەسەر ئەم پڕۆژەیەو خاوەنی پڕۆژەکەو کۆی بەهای زەوی پڕۆژەکە زانیاریی زیاتر دەخەینەڕوو.

عومەر گوڵپی

زیاتر