ھەولێر بۆ وا لێدەکەن؟

عومەر گوڵپی

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان
  03/01/2023  |    553 جار خوێندراوەتەوە


لەو شوێنانەی کە زۆرێکیان بەناو مۆڵەتی ”گەشتیاری”یان ھەیە کاری لەشفرۆشی و قومارو تەنانەت بازرگانی بە مرۆڤ دەکرێت، لە زۆرێک لەو شوێنانە ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ ئافرەتان دەکرێت (کە زۆرێکیان بیانین) مەگەر تەنھا لە سەدە تاریکەکاندا بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ کرابێت.

ھەولێر یەکەم پایتەختی دەستورییە کە کورد خاوەنی بێت، پێویستە دەسەڵاتداران کار بکەن بۆ ئەوەی ناوبانگ بە زانکۆکانی و پیشەسازی و پێشکەوتنە مرۆییەکانی پەیدا بکات نەوەک وەک بەیروت بە مەلھاو شوێنەکانی لەشفرۆشی و قومارخانەکانی، ناکرێت لەشکڕو لەشفرۆش لە شارەکانی عێراق و وڵاتی ئێران و وڵاتانی ترەوە ڕوو لە ھەولێر بکەن بۆ دزێوترین و قێزەونترین ڕەفتار، ئەمە ناوبانگی ھەولێرو کوردستانیش ناشیرین دەکات و ھەموشمان پێویستە شەرم دامانگرێت لە دۆخێکی لەو جۆرە.

ھەر بۆیە دوور لە سیاسەت ڕووم لە ھەرکەسێکی بەرپرسە کە خەمی ناوبانگی کوردستان و ناوبانگی شاری منارەو مزگەوت، شاری سوڵتان موزەفەریەتی، ڕێگە نەدات بەھۆی ھەوەسپەرستی و ویستی چەند کەسێکی کەم و بچوک بۆ پڕکردنی گیرفانیان یان سپیکردنەوەی پارە سومعەو ناوبانگی ھەولێرو کوردستان لەم ڕووە لەکەدارو ناشیرین ببێت.

ئەوەی لەسەر ھەولێر دەوترێت، لەسەر سلێمانیش ڕاستە، تەنھا بە قەرەباڵغییەکی کەمتر!

عومەر گوڵپی
٣ی ١ی ٢٠٢٣
زیاتر