مووچە بدەن بە خەڵک و کەرامەتیش بەسەرخۆتاندا دابەش بکەن.

هۆشیار عەبدوڵا

پەرلەمانتاری عێراق
  28/05/2025  |    820 جار خوێندراوەتەوە

یەکەم:
هەر کە کەوتنە هەڕەشەکردن هۆشداریمان پێدان کە ئەمە موجازەفەکردنە بە مووچەی خەڵکەوە،  گوتمان«هەڕەشە حیکمەتی حوکمڕانی تێدا نییە» گرێبەستی غاز دەکەن و دەڵێن حساب بۆ بەغدا ناکەین! فەرموون لە ١١٠ ملیارەکەی غاز کە بەهارتان پێهێنا چۆکان مووچە بدەن! 
دووەم: 
ئێوەی هەڕەشەچی هەتا ئێستا بەشێکی سەرەکی ئەم حکومەتەی سودانین، وەزیرەکانتان لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە طیف سامی فەرمانبەری بەردەستی سودانییە نەک وەزیر بەمانا ڕاستەقینەکەی، ئێوە ئەگەر یارییەکی سیاسیی دزێۆ بە ژیانی خەڵکی هەرێمەوە ناکەن، فەرموون لە بەغدا بکشێنەوە! 
سێهەم: 
ئێوە کە حەماوەتان هەڵدەستێ دەکەونە قسە گەلێک کە دوور و نزیک پەیوەندییان بە حوکمڕانی تەندروستەوە نییە، لە نمونەی ئەوەی خەڵک مووچەی ناوێ کەرامەتی دەوێ، قسەگەلی لەمجۆرە درێژەدانە بە خوڵقاندنی ئەو مەینەتیانەی کە حەفتا ساڵ زیاترە بە گوتارێکی قەومی قەبەی نابەپرسەوە بۆ خەڵکی کوردستانی دروست دەکەن! 
چوارەم: 
ئێوە فێری ئەوەبوون حساب بۆ کەس نەکەن، حساب بۆ خەڵک ناکەن کە بێ مووچە بێت، حساب بۆ عێراق ناکەن، سەروەختێک ڕوتان لە ڕوسیا بوو حسابتان بۆ ئەمریکاش نەدەکرد، ئاخر بۆ؟! هەر لەبەر ئەوەی دەوڵەمەند بوون و پارەتان هەیە و چەکتان هەیە؟! پەرلەمانتان خەواندووە، باکتان نییە، حکومەت سێ ساڵ زیاترە ناشەرعییە لاتان ئاساییە، ئێوە بەڕاست خەمی چیتانە، خۆتان نەبێت؟! 
پێنجەم:
بەو بەرە جەژنانە دیسان لەنێوان دێت و نایەتی مووچەدا خەڵک دڵەڕاوکێیەتی، ئێوەش خەریکی ئامادەسازی سەفەرکردن بۆ بەسەربردنی ڕۆژانی جەژن، شورەیی نییە؟! مەڵێن هەڵوێستی حکومەتی عێراق سیاسییە بەرامبەر مووچە، ئاخر باسی کام حکومەت دەکەن حکومەتەکەی فوئاد حسێن یان خالد شوانی؟! پاشان بەڕاست ئێوە خۆتان بە یاسا داهاتی هەرێم بۆ خۆتان دەبەن یان بە هێزی حزبی و سیاسی؟! ئێوە بە یاسا داهاتی نەوتی قاچاغ بۆ خۆتان دەبەن یان بە زەبری هێزی چەک!
ئێوە کە دیوێکی تری حکومەتی عێراقن باسی یاسامان بۆ مەکەن، خەڵک  مووچەی دەوێ! ئێوە بوون وەصف و سەنای سودانیتان دەکرد، ئێمەومانان ڕەخنەمان لێدەگرت، دە فەرموون بزانن سودانییەکەتان بۆ وادەکات؟! 
بەهەرحاڵ وەک گوترا؛ مووچە بدەن بە خەڵک و کەرامەتیش بەسەرخۆتاندا دابەش بکەن. 

زیاتر