مامەڵەی پارتی و شەڕی نان و ئازادی

دانا مەنمی

نوسەر
  14/07/2025  |    224 جار خوێندراوەتەوە
پارتی وەکو حیزب لەوە کەوتووە ھەڵگری بەرنامە و ستراتیژ و دونیابینییەکی عەقڵانی سەردەمیانە بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و گۆڕانکاریی لە سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا ، سەرەڕای ئەو دۆخە هەستیارەی کە لەناوچەکەدا دروست بووەو زلهیزەکان ڕۆڵیان هەیە لە گۆڕینی نەخشەی جیۆسیاسی و جوگرافیای ناوچەکە ،پارتیش قەیرانی برسیکردن و بەرتەسکردنەوەی ئازادی و نەبوونی ئاوو کارەبای قووت کردووەتەوە لەبەردەم کۆمەڵگای کوردیدا ، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە نەپارتی و نە سەرۆکەکەی هیچ خویندنەوەیەکیان نیە بۆ دۆخەکە و‌ به‌هه‌موو ئیمکانی سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە چالاکی و خۆپیشاندنی  له‌ قاڵب دەدەن و نایانەوێت تێبگەن کە  سیاسەتی برسی کردنی ئینسانەکان و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان مافێکی گشتییە نەک حیزبی و نابێ بەعەقڵ و خواستی حیزبیانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت .
 خۆ ئەگەر خوێندنەوە بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیش بکەین  دەبینین کە پارتی بۆ ھیچ پرسێکی سیاسیی خاوەن پرۆژەیەکی نیشتیمانیی و پێکەوەکارکردنی ستراتیژیی نییە بەرپرسیارەتی هەرە گەورەی لەباربردنی یەکڕیزی لە بەغداد ئەکەوێتە ئەستۆی سەرۆکی پارتی کە لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراقدا سەنگەری دژ بە یەکێتی و دکتۆر بەرهەم دەگرت و دەیگەیاندە مریشکە ڕەشە !!  لەئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتییدا سەنگی دیپلۆماسیی زۆر لاوازە و ئەمریکی و بەریتانیەکان و کۆمەلگای نێودەوڵەتی لە دوای ریفراندۆمەوە مەسعود بارزانیان لەناوهاوکێشەی سیاسیدا دەرهێناوەو پەراوێزیان خستووە ، لە کابینەی نۆیەمیش خراپی ڕۆڵی سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی ) شکستی پلەیەک و قوڵبونەوەی ناکۆکییە سیاسی و ئیدارییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوەو ژینگەیەکی خولقاندووە لە گەندەڵی و نەبوونی مووچە دوای ٧٥ رۆژ و ئاڵنگاری مافەكانی مرۆڤ و پرسی ئازادییەكان. 
ئەوەی شایستەی باسکردنە ئەوەیە پارتی لەناو هاوکێشەکاندا  خۆی بە هیچ پرسێکەوە نەبەستۆتەوە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانیش وەکو دروشم و موزایەدە بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەلک پەنای بۆ دەبات ، پارتی لە سیاسەتدا هیچ دابونەریت و یاسا و رێسایەک و هیچ بەهایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بەرچاوناگرێت  ، دۆخێکی سۆسیۆـ سایکۆلۆژی بونیاد ناوە کە رۆژ لە دوای ڕۆژ كەلتوری خێڵ لەناو کۆمەڵگادا زەقتر دەکاتەوە و بەڕۆحیەتی خێڵیش مامەڵە لەگەڵ خەلک و هیزو لایەنە سیاسیەکانی تردا دەکات ، لەکاتێکدا حیزب خۆی پەیكەرێكی سیاسیی مۆدێرنەیە و لۆژیک و عەقڵی خێڵ لە ناو فۆڕم و دونیای مۆدێرنەدا تەواو جیاواز و دژ بەیەکن ، لەناو ئەم دۆخەدا قەڵەمڕەوی پارتی لە دهۆک تا پردێ  پێویستی بە ڕاپەرینە ، چونکە هیچ سێکتەروبەش وشوێنێک لەم ووڵاتەدا نیە کە پارتی وێرانی نەکردبێت ووەک مێرووی زیانبەخش گەرای تێدا دانەنابێت .   
 بونیادنانی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و دڵە ڕاوکێی بۆ خەڵکی کوردستان بازاڕی پارتی لە هەموو حیزبەکانی تر گەرمتر کردووە و باوەشی کردووەتەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە  ویژدانی خۆیان دەفرۆشن و لە پێناو ڕژێمەکەی بارزانیدا کوێرانە خەلک دەکوژن و پارتیش دەیانپارێزێت ، ئەم تابلۆیە لە ناوەوە جیاوازەو خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت ، ئەم تابلۆیە پێمان دەڵێ :کە خەمی ئێستاو ئایندەی پارتی خەمی خاکێکی لەتکراو و داگیرکراو میللەتێکی پەرتەوازە و لێکدابڕاو نییە ! هیچکاتیش پارتی باکی بە کوشتن و شکاندنی شکۆی ئینسان نەبووە و خەمی پارتی پاراستن و قایمکردنی پێگە و ڕووبەرە جوگرافیی و رەمزییەکانی خێڵە کە لەسەری دەژی !
زیاتر