لە دوای لوتکەی ئالاسکا "ترەمپ-پوتین"، ئەوروپییەکان تۆقیون لەوەی سەرۆکی ئەمریکا کەوتبێتە ژێر هەژمون و کاریزمایی و قەناعەتەکانی سەرۆکی روسیاوە، بۆیە بڕیاریان داوە ئەمڕۆ ژمارەیەک سەرکردەیان لەگەڵ زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بچنە واشنتۆن و لە دیدارەکەی کۆشکی سپی لەگەڵ ترەمپ ئامادەبن.
کێ و کێ دەچن؟
*زیلینسکی - سەرۆکی ئۆکرانیا - دیدارەکە بۆ ئەم رێکخراوە تا جەنگەکەی لەگەڵ روسیا بوەستێنێت و ئاشتی بەدیبێت.
*کیێر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.
*ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا.
*فریدریش میرتس راوێژکاری ئەڵمانیا.
*ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا.
*مارک روتە ئەمینداری گشتی ناتۆ.
*چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەوروپییەکان.
دەرسی زیلینسکی-یان داوە
رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی راپۆرتێکی سەیری بڵاوکردووەتەوە، باس لەوە دەکات سەرکردە ئەوروپییەکان لە ترسی کۆبونەوەکەی پێشووی ترەمپ-زیلینسکی لە کۆشکی سپی، بڕیاریان داوە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا بچنە واشنتۆن و ئەمڕۆ دووشەممە لە تەک زیلینسکی دەبن لە کاتی کۆبونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ.
بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ، دەرسێکی باشی زیلینسکی-یان دایەوە، ئەم شتانەیان پێ وتووە بۆئەوەی هەم بتوانێت قسەی لەگەڵ بکات هەم کاریگەریشی بکاتەسەر:
*لەگەڵ دەستپێکردنی قسەکردن، دەبێت سوپاسی ئەمریکا بکات بۆ هەموو ئەو پشتیوانییەی پێشکەشی ئۆکرانیای کردووە لە ٢٠٢٢ەوە تا ئەمڕۆ بۆ روبەڕوبونەوەی روسیا.
*ئەگەر ترەمپ هەر قسە و رستەیەکی ئیستیفزازی هەبوو، نابێت زیلینسکی وەڵامی بداتەوە (ئەمە ستافی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێیان وتووە).
*نابێت زیلینسکی بەشێوەیەکی ئاشکرا هەوڵبدات بۆچوونێک یاخود هەڵوێستێکی دیاریکراو بە ترەمپ بسەلمێنێت و وای لێبکات بیڵێت یان پەسندی بکات، بۆئەوەی خۆبەزلزانینەکەی نەوروژێنرێت.
*ئەوەندەی دەکرێت ستایشی ترەمپ بکات.
*لە پشت پەردەوە نفوزی خۆی بەکاربهێنێت بۆئەوەی هێندەی دەکرێت وایلێبکات هەڵوێستێکی هەبێت خزمەت بە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئۆکرانیا بکات.
لۆردێکی بەریتانی هەیە ناوی کیم داروش-ە، پێشتر لە ویلایەتی یەکەمی ترەمپ باڵیۆز بووە لە واشنتۆن، وتوویەتی: ئەو وەفدە باڵایەی ئەوروپا، کە بە پەلە پەل بۆ هاوسەفەریی زیلینسکی پێکهێنراوە، نیشانەی دڵەڕاوکێی قوڵی ئەوروپییەکانە لە ئەنجامەکانی لوتکەی ئالاسکا.