یادەوەرییەکی تاڵی 29 ساڵ لەمەوبەر!

  31/08/2025  |    662 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژانێکی ڕەش بوون، بەو تەمەنەوە، بگرە زۆر زووتریش، گوێمان بە دەنگی تەقە و چاومان بە بینینی جەستەی سارد و لوتمان بە بۆنی خوێن ڕاهات!

منیش ئەوکات تەمەنم تازە خەریک بوو دەبوو بە 14بەھار، کتومت یەک ڕۆژی مابوو بۆ جەژنی لەدایکبوونم، کاتێک کارەساتی 31 ی ئابی 1996 ڕوویدا. ئای لەو ڕۆژبوونە کارەساتبارە!

ئاخر من، ئەوکاتە بەرنامەیەکی منداڵانم لە ڕادیۆیەکی خۆجێیی ئامادە و پێشکەشدەکرد. تێیدا لە دنیای ڕەنگاڵەیی دوور لە شەڕ و شۆڕ بۆ پەپولەکان دەدوام، نەمدەزانی ئەوەی من باسیدەکەم لە خەونێکی جوان زیاتر چیدی نیە، منداڵانی نیشتمانەکەم لە دۆزەخێکی واقیعیدا دەژین و، ڕۆژانە باوک، برا، یان ئازیزێکیان دەبێتە قوربانیی گەمەی ناشیرینی گەورەکان!

ئیتر ڕۆژەکانی دواترمان هەر بە ڕاکردن و خۆشاردنەوە و ترس و لەرز و ئازارەوە بەڕێکرد.

کاکم (محەمەد ڕەسوڵ موڕاد)، کە ئەوکات (عەدەدجیهازی سکرتارییەتی مام جەلال) بوو، دەستگیرکرا، تا ماوەیەک هەر سۆراغیشی نەبوو! پاش گەڕانێکی زۆر (ئەویش بە واستە و هەوڵی خزم و دۆستان)، توانیمان شوێنەکەی بدۆزینەوە و بیبینین (مواجەی بکەین).

وەک دواتر بۆی گێڕاینەوە، خۆی و هاوڕێکانی لەو زیندانەدا لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە زۆر ئازار درابوون، جنێو و قسەی ناشیرینی زۆریان پێگوترابوو، بێڕێزیی زۆریان بەرامبەر کرابوو بە ناوی "تەحقیق"ـەوە، کار گەیشتبووە ئەوەی بیانووی ئەوە بە کاکم بگرن، کە برایەکی لە ڕادیۆی مەڵبەند بەرنامەی هەیە، ئەویش پێی گوتبوون: ئێ خۆ ئەو منداڵە و بەرنامەکەش منداڵانە، بەڵام دیار بوو ئەو وەڵامە ئەوانی قایل نەکردبوو.  

ئای چیمان نەدی! کاکم ئەوەندە دڕندانە ئەشکەنجەدرابوو، قۆنداغە تفەنگی لە پشت سەری درابوو، کاریگەریی نەرێنیی کردبوەسەر مێشک و دەمارەکانی. بە جۆرێک، ماوەیەک بە هەوڵی خزمان برایە بەشی مێشک و دەماری نەخۆشخانەی کۆماریی سلێمانی. دواتر بۆی گێڕاینەوە، کە لەوێش شەوانە بۆ ئەشکەنجەدان و لێکۆڵیینەوە دەبرایە ئاسایشی سلێمانی، هەر ئەوکاتەش بوو (ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتیی) چاویان پێکەوتبوو.

"ئامادەیانکردین شوێنەکەمان بگوازنەوە، بەڵام من بە هۆی چوونە نەخۆشخانە لە چوار هاوڕێکەی تری ئەو زیندانە دابڕام، دواتر زانیم هەر چواریان هەر لە ڕێگە گوللەباران کرابوون." کاک محمەد، پاش ئازادبوون و بە دەنگێکی غەمگین، کە لە دەروونێکی زامدارەوە دەھاتەدەر، ئەمەی بۆ گێڕاینەوە.

ڕۆژان هاتن و ڕۆژان ڕۆیشتن، زیندانەکەی کاکیشم شکێنرا، بەڵام ئەوەی دواتر لە زاری ئەوەوە بیستم چیرۆکە تراژیدیاکانی زیندانی براکان بوون! حیکایەتی تاڵی ڕۆژە ڕەشەکانی چارەنووسی "کوردبوون" بوون!!

زیاتر