پەرلەمانتارێک: زیاتر لە 450 گوند بەهۆی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیاوە چۆڵکراون

  2024-10-12  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش‌ و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، دانیشتوانی زیاتر لە 450 گوندی ناوچە سنوریییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیاوە ئاوارەبون‌ و گوندەکانیان چۆڵکردووە.

وەعد قەدۆ ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌ و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، "ژمارەی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراقدا پێنج هەزار سه‌ربازی تێپەڕاندوە، هەروەها زیاتر لە 80 بنکەی سەربازییان دامەزراندوە کە زیاتر لە14 بنکەیان شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەی جەنگیی هەیە، ئەوە جگە لەزیاتر لەناوەندێکی هەواڵگریی تورکیا لەهەرێمی کوردستان".

 ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا چەندین سەربازگەی جێگیری هەیە کە کەرەستەی سەربازیی قورس ‌و چەکی تێدایە کە دەتوانێت هەر شوێنێک لەناوخۆی عێراق مەبەستی بێت بکاتە ئامانج، یەکێک لەو سەربازگەیەش دەکەوێتە دووریی 28 کیلۆمەتر لە ناوەندی نەینەوا و بەدوری 185 کیلۆمەتر بۆ ناو قوڵایی خاکی عێراق.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش‌ و بەرگریی دووپاتی کردووەتەوە، پەرلەمان ئەو یاداشت و لێکتێگەیشتنانەی نێوان عێراق‌ و تورکیای ڕەتکردووەتەوە کە هەوڵی کەمکردنەوەی سەروەریی عێراق‌ و زەمینە خۆشکردن دەدات بۆ پێشێلکارییەکانی سەربازانی تورکیا و پێدانی بەرگێکی یاسایی بەو هێزانە لە بۆردوومانی ئاسمانیی گوندە سنورییەکانی هەرێم.

جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه‌، به‌هۆى له‌شكركێشییەکانی توركیا بۆسه‌ر خاكى هه‌رێم، زیاتر لە 450 گوندی ناوچە سنورییەکانى هه‌رێمى كوردستان چۆڵکراون و دانیشتوانەکەی ئاوارەبوون.