وەزارەتی ناوخۆ: فرۆشیارانی سیمکارتی تۆمارنەکراو، سزای گەورەی دارایی دەکرێن

  2024-11-03  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لیژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ڕاسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەک بگرنە بەر کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پرۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت، بەمەبەستی خێراکردنی رێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی فرۆشتنی سیمکارت لە دەرەوەی رێوشوێنی یاسایی تۆمارکردن، لیژنە تایبەتمەندەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران کە رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر فرۆشگایەک بگرنە بەر کە سیمکارت دەفرۆشن بێ پرۆسەی تۆمارکردنی یاسایی.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگاداری هاووڵاتیان و فرۆشگا و بریکاری کۆمپانیاکانی مۆبایل و ئینتەرنێت دەکەین کە فرۆشتنی سیمکارت لە بازاڕ بێ تۆمارکردن، دەرگاکردنەوە و دەرفەت دروستکردنە بۆ تاوانکاران تا بەو سیمکارتانە تاوان ئەنجام بدەن و هەوڵ بدەن خۆیان لە یاسا بشارنەوە. ئەمەش بەشداریکردنە لە تاوان و وەزارەتی ناوخۆ رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتیان.

 

وەزارەتی ناوخۆ هۆشداریش دەدات، کە رێوشوێنی یاسایی توند لەبەرامبەر هەر کەس و فرۆشگا و بریکارێک دەگیرێتە بەر کە سیمکارت لە بازاڕ بفرۆشێ و تۆماریان نەکات بە ناوی کڕیار. بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی شەش لە رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 8 ی ساڵی 2021 ی هەموارکراو، سەرپێچیکار بەرامبەر هەر سیمکارتێکی دەست بەسەرداگیراو بڕی سێ ملیۆن دینارسزا دەدرێت.