قوباد تاڵەبانی: بەرنامەمان هەیە بۆ چاکسازی و باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان

  2024-11-06  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازیکرد لە نەسڕوڵڵا ڕەشنودی، کونسڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، لەو دیدارەدا کە رۆژی چوارشەممە ( ٢٠٢٤/١١/٦) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە بوارە جیاجیاکاندا  کە لەماوەکانی ڕابردوودا بەرەوپێشچونی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. 

ئاماژە بەوەشدراوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا نەسڕوڵڵا ڕەشنودی باسی پەیوەندییەکانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، ڕۆڵی گرنگی سەرۆک مام جەلالی لەداڕشتنی بناغەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوانی هەردوو گەل و وڵاتی دۆست بیرهێنایەوە و ستایشی کرد. 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تاوتوێکردنی دەرەنجامەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان لەقۆناغێکی نوێدایە و ئێمە بەرنامەمان هەیە بۆ چاکسازی و باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان.