قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە (5ی تشرینی دووەمی 2024) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی ئەحمەد ئەلزاهری، کونسوڵی گشتیی ئیماراتی کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و کاری نوێیدا بۆ خواست.
جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە پەیوەندی باشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرد و پێکەوەش لەبارەی قۆناغی پاش هەڵبژاردن لە کوردستان و بارودۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بیروڕایان گۆڕییەوە. قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە ئەوان پلان و بەرنامەی تایبەتیان بۆ قۆناغی ئایندە هەیە و لە هەوڵەکانیشیان بۆ دەستەبەرکردنی کەشێکی سیاسی و تەندروستی حوکمڕانی بەردەوام دەبن.
لای خۆشییەوە کونسوڵی گشتیی ئیمارات، جەختی لە پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە لەسەر بنەمای لێکگەیشتن و دۆستایەتی و بەرژەوەندی هاوبەش.