ڕاپرسییەك: بێکاری هۆکاری سەرەکی کۆچی زۆربەی گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕینە

  2   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
توێژینەوەیەکی نوێی دامەزراوەی ڤیژن دەربارەی هۆکارەکانی زۆری کۆچی گەنجان لە ئیدارەی راپەڕین بە رێگای قاچاخ، دەریخستووە کە (٦٩.٢٦%)ی گەنجان بێکاری هۆکاری سەرەکی کۆچکردنییانە و (٤٤.٨١%) خراپی بژێوی ژیانیان هۆکاری کۆچکردنیانە بە رێگای قاچاخ و نایاسایی.

توێژینەوەکە پشتی بەستووە بە راپرسیەکی مەیدانی لە نێو گەنجانی ناوچەکەدا، بەپێی راپرسیەکە (٦٥.١٥%) گەنجانی ناوچەکە جەخت لەوەدەکەنەوە کە رێگاکانی کۆچی قاچاخ و نایاسایی بەردەستن بۆیان، (٢٧.٤٩%) پێیان وایە تا رادەیەک رێگاکانی کۆچی نایاسایی بەردەستن.

هەر بەپێی توێژینەوەکە کە لەلایەن هەردوو توێژەر د. دیدار عەبدولکەریم و ئەلەند مەحوی ئەنجامدراوە، (٨٢.٦٨%)ی گەنجانی ئیدارەی راپەڕین زانیاری تەواویان هەیە دەربارەی مەترسیەکانی رێگای قاچاخ بۆ کۆچکردن، بەڵام سەرەڕای زانینی مەترسیەکان پەنای بۆ دەبەن.

دەربارەی هۆکارەکانی بێکاری گەنجانی ئیدارەی راپەڕین، کە هۆکاری یەکەمی کۆچی نایاساییە، توێژینەوەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە ''رێژەی (٤٦%)ی گەنجان بێکاریی بۆ بەردەوامی قەیرانی دارایی دەگێڕنەوە، رێژەی (٤٤%) هۆکاری بێکاری بۆ نا یەکسانی لە دابەشکردنی دەرفەتەکان دەگێڕنەوە. لە بەرامبەردا رێژەی (٥٦.٧١%)ی گەنجان بڕوایان وایە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی بچووک رێگایەکی گونجاوە بۆ کارسازی و کەمکردنەوەی بێکاری''.


ڕیکلام