هاوسەرگیریکردنی کچە بارزانییەک و خوشکەزای ئەندام پەرلەمانێکی پێشووی ئەکەپە، میدیای تورکیای شۆککردووە.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، قەهرەمان زولفەقار ئیزۆل، خوشکەزای زولقەفار ئیزۆل، ئەندام پەرلەمانی پێشووی تورکیا، هاوسەرگیریی لەگەڵ نازدار بارزانی، کچی عەبدولکەریم بارزانی، ئامۆزا و نوێنەری مەسعود بارزانی کردووە.
باسی لەوەکردووە، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە بە ئامادەبوونی کەسوکاری زولفەقار ئیزۆل و کەسایەتییە دیارەکانی عەشیرەتی بارزانی، بە ئامادەبوونی هەزاران میوان لە شانلیئورفە ئەنجامدراوە، لە ئاهەنگەکەدا بڕێکی یەکجار زۆر پارە بەسەر بوک و زاوادا هەڵدراوە، بەشێوەیەک کە پارەکان لە سندوقی گەورەدا کۆکراونەتەوە، میوانەکان لە چواردەوری بوک و زاوا کۆبوونەتەوە و رکابەریی ئەوەیان کردوو کامیان زێڕ و خشڵی گرانبەهاتر هەڵبدەن بەسەریاندا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پاش چەند کاتژمێرێک لە ئاهەنگگێڕان، دەستکراوە بە پێوانە و کێشانەی بڕی زێڕەکان بۆ نازدار بارزانی، بەگوێرەی نەریتی بارزانییەکان، هێندەی کێشی نازدار بارزانی زێڕی بۆ کڕدراوە.
میدیای تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئاهەنگەکەدا پەیامی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئەکەپە و سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی جەهەپە، خوێندراوەتەوە، کە پیرۆزبایی و دەستخۆشی بووە لە هەردوولا.