عومەر گوڵپی: مووچەی مانگەکانی 11 و 12 لای حكومەتی هەرێمە

  2   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسیاری چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 ڕوونە کە لای حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی دەسەڵاتە، ئەویش یان حکومەت لە پارەی فرۆشتنی سێ ساڵی ڕابردووی نەوت ئەو دوو مووچەیە بدات، یان فشار بکات بەغدا ڕێگەیەک بۆ خەرجکردنیان لە 2026 بدۆزێتەوە!

عومەر گوڵپی، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەموو ئەو نەوتەی لە ( ٢٣/ ٣ / ٢٠٢٣ تا ٢٧/ ٩/ ٢٠٢٥) هەرێمی کوردستان بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتوویەتی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان ئەژمار کردووە، بەهۆیەوە بڕی نزیکەی (١٠ ترلیۆن) دیناری لەسەر هەرێمی کوردستان ئەژمار کردووە کە بەشی زیاتر لە مووچەی (١٠ مانگ) دەکات!

دەشڵێت، کابینەی نۆیەمی حکومەتی ماوە بەسەرچوو لە ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت بە بۆری تا ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، بۆ ماوەی (٣٠ مانگ) هەموو ڕۆژێک نزیکەی (٣٢٠ هەزار) بەرمیل نەوتی بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتووە کە نزیکەی (٢٨٨ ملیۆن) بەرمیلە، داهاتەکەشی نەدراوەتە وازارەتی دارایی هەرێم و نەشدراوەتە بەغدا، بۆیە بەغداش ئەو نەوتەی هەموو بە نزیکەی (١٠ ترلیۆن) دینار لەسەر هەرێمی کوردستان خەمڵاندووەو لە بودجەو مووچەی هەرێمی کوردستان داشکاندووە!

ئاماژەی بەوەکردووە، بە پێی نووسراوی ژمارە (١٤٥٠٢) وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە (٢٨/ ٥/ ٢٠٢٥) کە لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ پێی وایە هیچ پارەیەک بۆ مووچەی کوردستان نەماوە، شەش مانگی ئەمساڵیش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هەردوو حکومەت بۆ ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆو بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ نێردراوە، ئەگەرنا وەزارەتی دارایی فیدراڵ سورە لەسەر بۆچوونەکەی، ئەم بۆچوونەشیان پاڵپشتە بە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاوديری هەرێمی کوردستان و فیدراڵ!

عومەر گوڵپی دەشڵێت، بەداخەوە وەزارەتی دارایی هەرێم ئەم ڕاستیە بە خەڵک ناڵێت، لە کاتێکدا خودی وەزارەتی دارایی و خەزێنەی گشتی یەک دینار لە پارەی ئەو نەوتە فرۆشراوەی بە تەنکەرو پاڵاوگە بۆ نەگەڕاوەتەوە!، ئەگەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەتایبەت چوار وەزیرە کوردەکەی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ پێیان وایە ئەمە ستەمەو بەغدا لە کوردستانی دەکات بۆچی لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران هیچیان نەوت؟ بۆچی ڕێگەچارەیەکیان نەخستەڕوو بۆ پابەندی بەغدا بە خەجکردنی ئەو دوو مووچەیە؟ بۆ داوای ڕێگە چارەیەکیان نەکرد بۆ نەفەوتانی ئەو دوو مووچەیەو دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک نۆ زامنکردنی خەرجکردنی لە (٢٠٢٦)؟.

باسی لەوەشکردووە، ئێستە بەرپرسیاری چارەنووسی ئەو دوو مووچەیە ڕوونە کە لای حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی دەسەڵاتە، ئەویش یان حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەیان لە پارەی فرۆشتنی سێ ساڵی ڕابردووی نەوت ئەو دوو مووچەیە بدات، یان فشار بکات بەغدا ڕێگەیەک بۆ خەرجکردنیان لە (٢٠٢٦) بدۆزێتەوە!، خەرجنەکردن و دواخستن و لێبرین و پاشەکەوتی مووچە، نەریتی نەگریسی یانزە ساڵەی هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی لایەنەکانی دەسەڵاتە، ستەمێکە بەردەوام لە خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران دەکرێت!

 


ڕیکلام