دوو شەپۆلی دیکەی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات شەپۆلێکی دیکەی باران و بەفر روولە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوامبێت

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی  رایگەیاند: رۆژی شەممەی داهاتوو، شەپۆلێکی چڕی بەفربارین و بارانبارین، کە سەرچاوەکەی دەریای ناوەڕاستەوە، هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاویەکان چاوەڕواندەکرێت بەفر و بارانێکی زۆر ببارێت.

ئاماژەی بەوەشدا: کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەرەتاوە رۆژی شەممەوە، بەشێوەیەکی مامناوەند دەستپێدەکات، پاشان لە رۆژی یەکشەممەوە، کاریگەریەکانی چڕتردەبنەوە، لەگەڵیدا بای باشور لە زۆربەی ناوچەکان بەخێرای ١٥ تا ٤٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا چالاکدەبێت، هەروەها بارانی پچڕپچڕ بە رێژەی بەرێژەی ١٥ تا ٤٠ میلیم لە سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکان دەبارێت.

باسی لەوەشکرد، لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای هەولێر، دهۆک، سلێمانی، ئیدارەی سۆران و راپەڕین کاریگەری شەپۆلەکە چڕتر دەبێت و بەدرێژای کاتەکانی رۆژی یەکشەممە بارانی بەردەوام دەبارێت، هەندێک جاریش بارانەکە دەگۆرێت بۆ بارانێکی بەخوڕ و ئەگەری بارینی ٦٠ تا زیاتر لە ١٥٠ ملیم دەبێت و لەناوچە شاخاویە بەرزەکان و سەنتەری ئەو شوێنانەی بەگشتی بەرزیان لە ١٢٠٠ مەتر لەئاستی رووی دەریا زیاترە بەفردەبارێت.

ئەوەشی خستەڕوو، دوابەدوای ئەو شەپۆلە، لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوە، دووەم شەپۆل لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە، ئەمجارە بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری باکووری لەگەڵدا دەبێت و بەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و تورکیادا کاریگەریەکانی دەگاتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر شەپۆلێکی سەرما و بەفربارین دەبێت و بەراورد بە شەپۆلی یەکەم رێژەی دابارینی بەفر و باران کەمتر دەبێت، بەڵام شەپۆلێکی ساردترە و پێشبینیدەکرێت بەفر دابەزێتە سەنتەری شاری سلێمانی و دهۆک، بەگشتی ئەو شوێن و ناوچانەی بەرزیان زیاترە لە ٧٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریا لەم شەپۆلەدا ئەگەری بارینی بەفریان دەبێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە بەشێوەی لاواز و پچڕپچڕ تا رۆژی هەینی بەردەوامدەبێت.


ڕیکلام