هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، ئەو شەپۆلەی بڕیارە لە رۆژانی (27 و 28/ 12/ 2025) روو لە هەرێمی کوردستان بکات، لە شەپۆلێکی مامناوەندەوە گۆڕاوە بۆ شەپۆلێکی بەهێز و مەترسیدار.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی دابەزینی پەستانی هەوا و دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵ، پێشبینیدەکرێت لە هەندێک ناوچە، بڕی بارانبارین بگاتە 200 ملیم، ئەمەش مەترسییەکی جدیی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دروستدەکات.
دەشڵێت، لە رۆژی سێشەممەدا، بەفربارین دەگاتە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆک و ئەو ناوچانەی بەرزییان لە 700 مەتر زیاترە، پێشبینیدەکرێت لە سەنتەری شارەکان 2 بۆ 7 سانتیمەتر و لە ناوچە شاخاوییەکان 10 بۆ 40 سانتیمەتر، بەفر ببارێت.