ئەمەریکا و ئیسرائیل چۆن شوێنی (خامنەیی)ـیان زانی؟

  2   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمەریکی زانیاریی لەبارەی شێوازی کردنە ئامانجی عەلی خامنەیی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: چەندین مانگ چاودێریی جووڵەکانیان کردووە.

ڕۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە کە بە "ئاگادار" ناوی بردوون، بڵاویکردەوە: ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) پێش ماوەیەکی کورت لە هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شوێنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانی دەستنیشان کردبوو.

ئەمەش دوای ئەوەی دڵنیا ببوونەوە لەوەی ناوبراو سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە، لەناو جەرگەی تاراندا بەشداری کۆبوونەوەیەکی باڵای کردووە لەناو بارەگایەکی سەرکردایەتیدا.

بەپێی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە، هەواڵگریی ئەمریکا بۆ ماوەی چەندین مانگ چاودێریی جووڵەکانی خامنەیی کردووە، ئەمەش وایکردووە بتوانن شوێنی مانەوە و ڕێڕەوی هاتوچۆکانی دەستنیشان بکەن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم زانیارییە هەواڵگرییە "زۆر وردانە" ڕادەستی ئیسرائیل کراون، ئەمەش وای لە هەردوولا کردووە کاتی هێرشەکە دەستکاری بکەن و لەگەڵ کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا بیگونجێنن.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکەی بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەمریکا و زانیارییە هەواڵگرییەکانی خۆی ئەنجامداوە، بەشێوەیەک سەرەتا فڕۆکە جەنگییەکان لە دەوروبەری کاتژمێر (٦:٠٠)ـی بەیانی بە کاتی ئیسرائیل فڕیون، پاشان لە نزیکەی کاتژمێر (٩:٤٠)ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی تاران، بە مووشەکی مەودا درێژ بارەگا سەرکردایەتییەکەیان کردووەتە ئامانج.


ڕیکلام