لە دامودەزگاكانی عێراق مامەڵە بە پارەی كاش نامێنێت

  2024-11-04  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی بۆ پەرەپێدانی سیستم و خزمەتگوزارییەكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی راگەیاند و كە بەپێی بڕیارەكان دەبێت تاوەكو 1ی تەمموزی ساڵی داهاتوو پارەدان بەشێوەی كاش لە دامەزراوە حكومییەكان نەمێنێت و هەروەها كاریش بكرێت بۆ بە بانكیكردنی موچەی كارمەندانی كەرتی تایبەت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە، لە چوارچێوەی پرۆسە چاكسازییەكانی حكوومەت لە بوارەكانی دارایی و ئابووری، ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وزاری كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا سودانی بڕیاریدا مووچەی كارمەندانی كەرتی تایبەتیش هاوشێوەی گشتی بە بانكی بكرێت، بۆ ئەمەش وەزارەتی كار و كاوباری كۆمەڵایەتی و بانكی ناوەندی و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەتی راسپارد میكانیزمێكی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە بدۆزنەوە.

هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی بە وەزارەت و دامودەزگا حكوومییەكان كرد بۆ سەرجەم مامەڵە داراییەكانی حكوومەت كار بە پارەوەرگرتنی ئەلیكترۆنی بكەن، واتە پارەی كاش لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكوومەت نەمێنێت، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی پلانێكی یه‌كخراوه‌، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر وه‌زاره‌تێك یان دامه‌زراوه‌یه‌كی حكومییه‌وه‌ پێش 31ی 12ی 2024 پێشكه‌ش بكرێت، به‌ مه‌رجێك جێبه‌جێكردنی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م پلانه‌ له‌ 1 ی7ی 2025ـه‌وه‌ ده‌ستپێبكات.

ئەم بڕیارانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی ئەو چاكسازییە دارایی و ئابوورییانەیە كە ماوەیەكە حكوومەتی عێراق دەستی پێ كردووە و هەنگاوێكیشە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمی سیوولە لە بانكی ناوەندی و لەنێو بازاڕەكاندا.