وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق داوای لە سەرجەم بەخێوكەرانی ماسی دەکات، لەمەودوا بۆ بەخێوكردنی ماسی پشت بە حەوزی داخراو و لەنێو هۆڵەكان ببەستن بۆ ئەوەی كەمترین رێژەی ئاو بەفیڕۆبچێت.
لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراقدا هاتووە، لەژێر دروشمی "پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو" بەخێوکەرانی ماسی پابەندکراون بە گۆڕینی شێوازى بەخێوکردنى ماسی لەڕێگەى دامەزراندنی حەوزی داخراوە، وەک جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی گۆمی کراوەی کۆن، ئەم بڕیارە لە ئەنجامی ئەو کەمی ئاوە دێت، کە عێراق تووشی بووە، بۆ دڵنیابوون لە بەکارهێنانی ئاو بەشێوەیەکى گونجاو.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم ڕێکارانە بۆ ڕێگریکردنە لە خراپ بەکارهێنان و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو، ئەم ڕێکارانە بەشدار دەبێت لە دابینکردنی بڕی ئاوى بەردەست بۆ پێداویستییەکانی خواردنەوە و بەکارهێنانی پێویست و ئاودێری.
وەزارەتەکە داوای لە هەموو بەخێوکەرانی ماسی و وەبەرهێنەرانی کەرتی ماسی کردووە، پابەندبن بە ڕێنماییە فەرمییەکان و هاوکاری بن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیە، چونکە ئەم سیستەمە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و دڵنیابوون لە پاراستنی ئاسایشی ئاوی عێراق بۆ نەوەکانی داهاتوو.