د. لەتیف رەشید، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دوو جێگرەکەی دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا و ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران یەکەم ئەرکی دەستووری خۆی لە وادەی خۆیدا جێبەجێ کرد.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی پیرۆزبای بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دوو جێگرەکەی دەکات و هیوای سەرکەوتنیشیان بۆ دەخوازێت لە ئەرکەکانیاندا.
لە پەیامەکەدا هاتووە؛ ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران یەکەم ئەرکی دەستووری خۆی لە وادەی خۆیدا جێبەجێ کرد و ئەمەش جەخت لەسەر هەستی قووڵی بەرپرسیارێتی نیشتمانی دەکاتەوە، کە سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی بەشەرەفی نوێنەران هەستی پێدەکەن.
د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆڵی چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆڵی یاساداناندا گرنگە و خەڵک چاوەڕێی ئەوە دەکەن، کە ئەم ئەرکە چاودێرییە بە شێوەیەکی گونجاو جێبەجێ بکەن، چونکە ئەزموونێکی دیموکراسی راستەقینە مەحاڵە بەبێ ئەنجومەنێکی نوێنەرانی راستەقینە، کە توانای چاودێریکردنی ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران هەبێت.