وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم: شاندێکى وەزارەت گەیشتە بەغدا

  2020-06-11  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى هەرێم رایگەیاند، شاندێکى وەزارەتى تەندروستى هەرێم بە سەرۆکایەتى سامان بەرزنجى گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ شانەى قەیرانەکان و وەزیرى تەندروستى عێراق کۆببنەوە.

محەمەد قادر خۆشناو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکى وەزارەتى تەندروستى بە سەرپەرشتى سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى گەیشتنە بەغدا و بریارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستیی عێراق و شانەی قەیرانەکان کۆببنەوە.

 وتیشى، ئامانجى سەردانەکە بۆ تاوتوێکردنى دواین گۆڕانکاریەکانە لەسەر ئاستى کوردستان و عێراق، بەتایبەت پرسى کۆرۆنا و گفتوگۆکردنى ئەو پرسانەى ئەگەرى هاتنە پێشیان هەیە. 

سەردانەکەى ئەم شاندەى وەزارەتى تەندروستى دواى کۆبوونەوەى دوێنى ئەنجومەنى وەزیران و لیژنەی باڵای وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دێت، کە لە یەکێک لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەدا هەردوو وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ پەیوەندیکردن و سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی عێـراق راسپێردران.

 



ڕیکلام