حکومەتی هەرێم: بەهۆی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون

  2024-04-26  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرایە ئامانج کە تاوەکو ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون و زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

دەقی بەیاننامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر....

لە ماوەی ڕابردوو هەوڵی باش دراوە بۆ باشترکردنی کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری لە عێراق و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان، و لە کاتێکدا کە هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خێرا دەکرێن، دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە و ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر  کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.
ئەم هێرشە دووبارانە پێویستە ڕابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوکاریی بەپەلە دەکەین لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوە و ڕادەستی یاسا بکرێن و ڕێگریی یەکجاری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە.
 داواکارین لە خودای گەورە جێگای شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش شیفایان بۆ بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان


ڕیکلام