ئەمساڵ بڕی 25 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددەی 140 تەرخانکراوە

  2021-04-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکوومەتی عێراق بڕی ٢٥ ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددەی ١٤٠ تەرخان دەکات، بەرپرسی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە دیالە و واست، دەڵێت، کاتی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ هاتووە.

عەدنان مەسنوور، بەرپرسی نووسینگەی ماددەی ١٤٠ لە دیالە و واست بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، ئێمە لە ساڵانی رابردوودا بودجەیەکی باشمان بۆ ماددەی ١٤٠ بۆ تەرخان دەکرا، کە دەگەیشتە زیاتر لە ٧٥٠ملیۆن دۆلار و توانیمان ٩٦%ی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان قەرەبوو بکەینەوە، بەڵام لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، تەرخانکردنی پارەکە کەمی کردووە و ساڵی ٢٠١٨، تەنیا ٥٠ملیار دینار بوو و ساڵی ٢٠١٩مانگانە بۆمانیان خەرج دەکرد، هەروەها ساڵی رابردوو ١٥ملیار بوو.

وتیشی، ئەمساڵ ئەو پارەیە کراوەتە ٢٥ملیار دینار، ئەمەش هەنگاوێکی باشە کە ماددەی ١٤٠ هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، چونکە دادگای فیدراڵی رەتی کردووەتەوە ئەو ماددەیە هەڵوەشێتەوە و پێویستە جێبەجێ بکرێت.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە، ئەو پارەیەی خەرج دەکرێت، زیاتر بۆ فەرمانبەران و کاروبارەکان خەرج دەکرێت و قەرەبووکردنەوە زۆری نەماوە و پێویستە هەنگاوی دیکەی بەدواوە بێت، ئەویش سەرژمێری و ئاساییکردنەوەی دۆخەکەیە، بۆیە گرنگە ماددەی ١٤٠جێبەجێ بکرێت، و ئێستا ناوچەکان ئامادەن بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق دەست بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بکات، چونکە کاتی هاتووە ئەو کێشەیە یەکلا بکرێتەوە و ماددەیەکی دەستوورییشە و پێوستە جێبەجێ بکرێت.
 


ڕیکلام