سۆرانی  |  بادینی  |  English      

دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکان تەبایی و یەکڕیزی دەخوازێت

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی لایەنەسیاسیەکان، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ، لە کۆبونەوەکەدا باسی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییە تازەکاندا، پەیوەندییەکانی هەولێڕ ـ بەغدا، کراوە، هاوکات، دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریکا ـ عێراق و بەشداری و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان تیایدا، هەڵبژاردنەکانی عێراق، بارودۆخی ناوخۆ و پەیوەندیی نێوان پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێکراون.

کۆبوونەوە پەسندکردنی یاسای بودجەی عێراقی بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە قەڵەم دا و هیوای خواست یاساکە جێبەجێ بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، جەخت کرایەوە کە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان، تەبایی و یەکڕیزی دەخوازێت.

سەرۆکى هەرێمیش ڕایگەیاند، تاکە ڕێگەی تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانەکان و پاراستنی ماف و دەسکەوتەکان و پێگەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی کوردستان، تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزییە.


دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨-٤-٢٠٢١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێزان جێگرانی سەرۆک ئامادەی بوون، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییە تازەکاندا، پەیوەندییەکانی هەولێڕ ـ بەغدا، دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریکا ـ عێراق و بەشداری و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان تیایدا، هەڵبژاردنەکانی عێراق، بارودۆخی ناوخۆ و پەیوەندیی نێوان پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان، تاوتوێ کرا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای دووپاتکردنەوەی دەستخۆشی و پێزانین بۆ دەستپێشخەریی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان، لە کەشێکی ڕاشکاو و کراوەدا کێشە و نیگەرانییەکان خرانە ڕوو و جەخت لە پێویستی و گرنگیی یەکڕیزی، تەبایی، گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کرایەوە.
 
کۆبوونەوە پەسندکردنی یاسای بودجەی عێراقی بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە قەڵەم دا و هیوای خواست یاساکە جێبەجێ بکرێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ھەبێت و ڕێخۆشکەر بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی سیستمی فیدرڵیدا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان، پاراستنی دەسکەوتەکان و هەنگاونان بۆ ئایندەیەکی باشتر، واقعبینی و هەستکردن بە بەرپرساریەتیی هەمووان، پێکەوەکارکردن، هاوبەشی، تەبایی و یەکڕیزی دەخوازێت و بە گرنگییەوە جەختی لە پرۆسەی چاکسازی و کارکردن بۆ باشترکردنی گوزەر‌انی هاووڵاتیان و پێویستیی پاراستنی ئازادییەکان و ئازادیی ڕادەربڕین و دانانی چوارچێوە و میکانیزمێک بۆ بەردەوامیی ئەم کۆبوونەوانە کردەوە.
 
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کرد بۆ بەدەنگەوەھاتنی بانگهێشتەکەیان و سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە و دووپاتی کردەوە کە تاکە ڕێگەی تێپەڕاندنی کێشە و قەیرانەکان و پاراستنی ماف و دەسکەوتەکان و پێگەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی کوردستان، تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزییە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش لەم پێناوەدا بەردەوام دەبێت و بە چەتری کۆکەرەوەی هەمووان دەمێنێتەوە.