میسر: تا قەرەبوو نەدات ڕێگە نادرێت کەشتی ئیڤەرگیڤن بڕوات

  2021-04-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی دەستەی نۆکەندی سویس لە میسر ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن بە کەشتی (ئیڤرگیڤن) کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک نۆکەندەی بە ڕووی جموجوڵی دەریاوانیدا داخست، ڕێگە نادەن میسر جێبهێڵت تا قەرەبووەکانی تایبەت بەو روداوە نەدات.

ئوسامە رەبیع سەرۆکی دەستەی نۆکەندی سویس ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی سەرجەم لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبێت تایبەت بە داخستنی نۆکەندەکە  و پێداچوونەوەی دەسەڵاتە هونەرییەکانی و پێدانی قەرەبووەکانی کە پێویستە بیدات، ئەو کاتە ڕێگە دەدەن میسر جێبهێڵێت.

کەشتی  (ئیڤرگیڤن) کە درێژەی نزیکەی ٤٠٠ مەتر بووە، بە بەشی باشوری نۆکەندی سویس لەنگەری گرت و بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک نۆکەندەی بەڕووی دەریاوانیدا داخست، بەو هۆیەشەوە بە سەدان کەشتی  گیریانخوارد و زیانی گەورەی بە جموجوڵی بازرگانی جیهانی گەیاند.

سەرۆکی دەستەی نۆکەندی سویس ڕاشیگەیاند، ئەگەر کەشتی ناوبراو رەتیبکاتەوە قەرەبووەکان بدات، ئەوا ڕوو لە دادگا دەکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکە وەک چۆن لە یاسای دەریاوانیدا ئاماژەی پێکراوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ڕۆیشتنی کەشتییەکە نادەن تا قەرەبووەکان دەدات، بە تایبەت لەنگەرگرتنی بەو شێوەی نەخوازراوە پەڵەیەکی ڕەشە بە مێژووی کەشتیوانیدا.

پێشتر سەرۆکی دەستەی کەناڵی سویس ڕایگەیاندبوو، زیانەکانی داخستنی نۆکەندی سویس بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.



ڕیکلام