کاروانکی نوێی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لە چینەوە گەیشتە عێراق

  2021-04-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن تمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەی لە ڤاکسینی سینۆفارمی چینی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە وەرگرت، کە بڕگەی ٢٠٠ هەزار دۆزە.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کاروانە پشتیوانییەکی چینە بۆ عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، پلانی تەواویش دانراوە بۆ گەیاندنی ڤاکسینەکە بە پارێزگاکان و هەرێمی کوردستانیش.

جەختیشیکردەوە، ڤاکسینەکە بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراقە و ئەوان یەکەم وڵاتن کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە چینەوە ڤاکسینەکەیان بەدەست دەگات.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمرۆ لە عێراقدا ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا ڕووی لە هەڵکشانە، ئەویش بەهۆی کەمتەرخەمی هاوڵاتیان  و پابەند نەبوونیان بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە.

ڕوونیشیکردەوە تاکە چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاریکاریکردنە لەگەڵ دامەزراوە تەندروستییەکان و وەرگرتنی ڤاکسینەکەش پشیوانییەکی گەورەیە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەکە.

گەیشتنی ئەو کاروانە نوێیەی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لە وڵاتی چینەوە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ٥٠هەزار دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنای جۆری فایزەر وەک یەکەم کاروان گەیشتە عێراق.



ڕیکلام