شارەزایەکی کەشناسی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە زانیاری نوێ دەخاتەڕوو و دەڵێت "باران و هەورە بروسکە و تەرزه بەشێوەی گشتگیر روودەکاتە تەواوی ناوچەکانی هەرێم".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، ماوەیەکە شەپۆلێكی وشک و گەرم لەسەر ناوچەکانمان باڵادەستە و ئەوەش بۆ ئەمکاتەی ساڵ شتێکی نائاساییە و بەشێوازی بەرچاو پلەکانی گەرمای بەرز کردۆتەوە و لە ڕۆژانی داهاتوو پلەكانی گەرما زیاتریش بەرزدەبێتەوە ئەوەش نائاساییه بۆ ئەم کاتەی ساڵ و نیشانەی هاتنی شەپۆلێكی بارانبارینە.
دەشڵێت: لە کۆتایی ئەم مانگەدا شەپۆلێکی زۆر باشی باران و هەورە بروسکە و تەرزه بەشێوەی گشتگیر ڕوو دەکاتە تەواوی ناوچەکانی هەرێم و گەرمیان پێشبینی لافاوی زۆری لێدەکرێت، کە ئەوەش دەگمەن دەبێت.
ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوو بارانی بەوجۆرە لەو کاتەی ساڵدا بوونی نەبووبێت و لەسەرتاسەری وڵات پلەکانی گەرما دێتەوە خوار نۆڕماڵ و لەبەشێک ناوچەكان پێویستی بەگەرمکەرەوە دەبێتەوە و بەگشتی مانگی داهاتوو کەش فێنک دەبێت.