یەکێتی ئەوروپا زیاتر لە 18 ملیۆن دۆلار بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق تەرخان دەکات

  2021-04-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆی رێککەوتنێکی دارایی دابینکردن دەکات لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بۆ پشتگیریکردنی هاوکاریی هەڵبژاردن لە عێراق، بۆ پڕۆژەیەک کە خۆی سەرپەرشتی دەکات، کۆمسیۆنیش سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردن.

باڵیۆزی یەکییەتی ئەوروپاش دەڵێت، بەشداریی زۆری دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا بەردی بناغەی پەرلەمان و حکومەتە کە ئەوانیش نوێنەرایەتی هەموو عیراق دەکەن.

لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ ژیان نیرداوە، هەر یەکە لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و فەڕەنساش هاوکاری داراییان بۆ عێراق تەرخانکردوە، بەمە تێکڕای بڕی تەرخانکراوی یەکییەتی ئەوروپا و وڵاتە ئەندامەکانی دەگاتە ١٨،٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.


دەقی بەیاننامەکە:

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەسخۆشی لە هاوکاریی یەکییەتی ئەوروپا بە بڕی ٥،٥١ ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ پڕۆژەیەک کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات بۆ پەرەدان بە توانای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. ئەو هاوکارییە هەروەها دەبێتە مایەی دامەزراندنی راوێژکارانی هەڵبژاردنی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەو پێیەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئێستا سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردنی نیشتمانیی ئەمساڵ.

لەمبارەوە، باڵیۆزی یەکییەتی ئەوروپا، مارتین هووس، وتی "بەشداریی زۆری دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا بەردی بناغەی پەرلەمان و حکومەتە کە ئەوانیش نوێنەرایەتی هەموو عیراق دەکەن.

یەکییەتی ئەوروپا هیوادارە لە رێگەی هاوکاریکردنی ڕێکخراوەکانی هەڵبژاردنەوە بتوانێت متمانە لەنێوان عێراقییەکان دروست بکات لەسەر هەڵبژاردنەکان و هەروەها هاوکاریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد و گشتگیر کە شایستەی متمانەیان بێت. 

وێڕای هاوکاریی یەکییەتی ئەوروپا بۆ پڕۆژەی هەڵبژاردنی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر یەکە لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و فەڕەنساش تەرخانی داراییان بۆ ئەم مەبەستە دابین کردووە بەمە تێکڕای بڕی تەرخانکراوی یەکییەتی ئەوروپا و وڵاتە ئەندامەکانی دەگاتە ١٨،٦ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

لە ٨ی نیسان، بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان لە بری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق(یونامی) رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکییەتی ئەوروپا واژۆ کرد سەبارەت بە دابینکردنی دارایی و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە. لای خۆشیەوە، یونامی دەسخۆشی لەم هاوکارییە داراییە دەکات کە دەبێتە مایەی بەهێزکردنی توانای عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و واڵا لە عێراقدا.


ڕیکلام