بەرهەم ساڵح: هەڵبژاردن بە کۆڵەکەی قۆناغی داهاتووی عێراق دادەنرێت

  2021-04-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتوو گرنگە و وێستەگەیەكی جیاكەرەوەیە و بە كۆڵەكەی قۆناغی داهاتووی عێراق دادەنرێت، هەماهەنگی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بە پێویست زانی بۆ دڵنییای لە چاودێری نێودەوڵەتی لەسەر پرۆسەکە.

سەرۆک کۆماری عێراق لە میانی دەرکردنی مەرسومی کۆماری تایبەت بە هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوودا ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتوو گرنگ و پڕ بایەخ دەبێت بۆ بە دامەزراوەیی کردنی وڵات، بە تایبەت لە سایەی داخوازییەکی جەماوەریدا بەڕێوەدەچێت کە داوای چاکسازی و دڵنیایی دان لەوەی عێراقییەکان مافی ئەوەیان هەبێت بە بێ هیچ فشار و زۆرکارییەک و دزیمی دەنگەکانیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوە گرنگن بۆ دەرچوون لەو کاریگەریی و کێشە کەڵەکەبووەکانی قۆناغەکانی ڕابردوو.

داوای ئامادەکاری کرد بۆ هەڵبژاردنێک کە بەشدارییەکی ڕاستەقینەی تێدا بکرێت، بەشێوەیەک ئاماژە بێت بۆ ئیرادەیەکی ئازاد، چونکە هەڵبژاردن هەلێکە بۆ وەدیهێنانی داخوازیەکانی گەل.

سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، با دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا یەکلاکەرەوە بێت بۆ گواستنەوەی عێراق بۆ قۆناغێک کە زیاتر پێشکەوتن و جێگری سیاسی وسەربەخۆیی بەخۆیەوە ببینێت.

داواشیکردن دامەزراوەکانی دەوڵەت پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، بەشێوەیەک کە گومانەکان نەهێڵێت، کەپێشتر بووە هۆکارێکی سەرەکی لەوەی کە ژمارەیەک لە هاوڵاتیان کە کەم نەبوون نەیاویست بەشداری هەڵبژاردنەکانی پێشوو بکەن.

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لە دەستبەرکردنی کەشێکی سیاسی ئەوتۆ کە ببێتە هۆی لابردنی بارگرانی خەڵک و بەدیهێنانی دادپەروەریی  لە هەڵبژاردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنی بەهێزی ئەوتۆ، کە بتوانێت بەرگری بکات لە سەروەریی و هەیبەتی دەوڵەت و چەسپاندنی دادپەوەریی پێویست لە نێوان هاوڵاتیاندا.

جەختیشیکردەوە لە هەماهەنگی کاریگەر لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بە مەبەستی دڵنیایی لە چاودێری نێونەتەوەیی و پاک و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی ببێتە مایەی ڕێزگرتنی سەروەریی و بڕیاری سەربەخۆی عێراقییەکان.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک کۆماری عێراق روونیکردەوە، هەڵبژاردن لە سایەی دۆخێکی ئەوتۆدا بەڕێوەدەچێت کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، بە تایبەت لە سایەی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و بەربەستی ئەمنی و تیرۆر و یاخیبوان لە یاسا، بەڵام ئەوان پشت دەبەستن بە توانا و هیمەتی هێزە ئەمنییەکان و بە ئاگایی گەل، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیانە لە ئەستۆ بگرن، لە پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان و دەنگدەرانیش.



ڕیکلام