عێراق ئەمساڵ هیچ جۆرە گەنمێک هاوردە ناکات

  2021-04-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرایکرد، ئەمساڵ هیچ جۆرە گەنمیک هاوردە ناکەن، چونکە ئەوەندە بەرهەم هەیە پێداویستی ناوخۆیی پێ پڕدەبێتەوە.

عەبدولڕەحمان عەجی تۆفان، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان لەبەرنامەیدا نییە هیچ گرێبەستێک بکات بۆ هاوردەکردنی گەنم، دوای ءەوەی توانراوە ئەو بەرهەمە لە ناوخۆدا پێداویستی وڵات پڕ بکاتەوە.

تۆفان ئاشکرایکرد، لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی هاوردەکردندا گرێبەستیان ئیمزا کردووە، بە مەبەستی هاوردەکردنی بڕی ١٢٠ هەزار تۆن برنج، چونکە کۆمپانیاکەیان زۆر گرنگی دەدات بە دابینکردنی ئارد و برنج لە بەشە خۆراکی مانگانەدا.

لە کۆتایی وتەکانیدا بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە جەختیکردەوە، ٢٦٠ هەزار تۆن لە چەڵتوک توانراوە بڕی ١٥٠ هەزار تۆن برنجی ناوخۆیی لێ بەرهەم بهێنرێت لە جۆرەکانی عەنبەر و یاسەمەین، لە ئێستاشدا ئامادەیە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بابەتەکانی ناو فۆڕمی خۆراک، بەسەر هاوڵاتیاندا لەسەرجەم پارێزگاکانی وڵات دابەش بکرێت.



ڕیکلام