کازمی : تاوانی ئەنفال پاڵنەرە بۆ ئەوەی جارێکی تر دکتاتۆریەت نەگەڕێتەوە

  2021-04-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا ڕایگەیاند، ئیدانەکردنی ساڵانەی تاوانەکە پاڵنەرە بۆ هەموو حکومەتەکان بۆ ئەوەی کاری جدی بکرێت کە جارێکی دیکە دکتاتۆریەت بە هیچ شێوەیەک نەگەڕێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆک وەزیرانی عێراق نووسیویەتی ،لە ٣٣هەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا بەو پەڕی ئازار و دڵتەنگییەوە یادی ئەو ڕوداوە بە ئازارە دەکەنەوە، بەڕێزەوە دەوەستین بۆ سەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵانە یادکردنەوەی ئەو تاوانە پاڵنەرە بۆ هەموو حکومەتەکان، کاری جدی بکەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دکتاتۆریەت بە هیچ شێوەیەک نەگەڕێتەوە، هەموو ئەو سیاسەتانەش رەتبکرێتەوە، کە دەبنە مایە جیاکاری و پەراوێزخستن.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، یادکردنەوەی ئەو تاوانە دڕاندانانەی کە بەرامبەر ڕۆڵەکانی گەلی عێراق کراوە، جەختکردنەوەیە لەوەی پەیڕەوکردنی دیموکراسیەت و چاکسازی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە تاکە ڕێگەیە بۆ عێراقی ئاوەدان، کە ئاشتی و خۆشەویستی و لێبوردەیی باڵی بەسەردا بکێشێت، یەکپارچەیی وڵات و ژیان بە بە کەرامە و دادپەروەیی ئامانجی سەرەکییە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێکی ئارام و بەهێز بە گەل و خاکەکەیەوە.

ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ تیپەڕ دەبێتە بەسەر هەڵمەتەکانی ئەنفال لە دژی گەلی کوردستان، کە بە هەشت قۆناغ لە چەند ناوچەیەکی کوردستان لەلایەن ڕژێمی پێشووی بەعسەوە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدرا، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کەس بێسەروشوێن بوون  بە دەیان هەزار گوند و شوینی ئاوەدانیش لەسەر زەوی تنەخت کران.



ڕیکلام