رێواز فایەق: هێرشەکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئارامی پایتەخت

  2021-04-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هێرشەکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان.

د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "هێرشەکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان".

دەشڵێت، "لەکاتێکدا هەولێر وەک قەڵا قایم و وەک ورەی پێشمەرگە بەهێز و خۆڕاگرە، شاری قەڵا و مەنارە هـەولێـرە دیارە ئێــرە، شاخی بەرزو بەفرینە دەشت وچیمەن زەنوێرە".

ئەوەش لە کاتێکدایە کاتژمێر 9:45 خولەکی شەوی رابردوو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و پاش چەند خولەکێک لەو هێرشە، چوار موشەک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک کران.

دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە هێرشەکە بەڕێگەی درۆنی TNTکراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە ".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە .

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.



ڕیکلام