دوو بەرپرس دانوستانی سعودیە و ئێران لە بەغدا پشتڕاست دەکەنەوە

  2021-04-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دژبەیەک لە چەند رۆژی رابردوودا سەبارەت بە ئەنجامدانی دانوستانی نێوان سعودیە و ئێران لە بەغدا، دوو بەرپرس ئەو هەواڵە پشتڕاست دەکەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانسپرێس لە زاری بەرپرسێکی عێراقی و دیپلۆماتکارێکی ئەوروپا بڵاویکردووتەوە کە چەند رۆژ پێش ئێستا شاندێکی ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ شاندێکی سعودیە بە سەرۆکایەتی خالد بن عەلی ئەلحەمیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سعودیە، لە بەغدا کۆبوونەتەوە.

ئەو دوو بەرپرسە کە نەیانویستووە ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، رایانگەیاندووە، ئەو کۆبوونەوەیە بە ئامانجی لێکنزیکبوونەوەی تاران و ڕیاز و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان ئەنجامدراوە.

دوو رۆژ پێش ئێستا بۆ یەکەمجار رۆژنامەی فاینانشڵ تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد کە ٩ی ئەم مانگە بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئێران و سعودیە لە بەغدا کۆبوونەتەوە بەڵام کۆبوونەوەکەیان بێ ئەنجام ماوەتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو کە سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران و سعودیە لە چەند هەفتەی رابردوودا بە مەبەستی نێوەندگیری و لێکنزیکردنەوەی تاران و رێاز بووە.

دواتر هەندێک لە میدیا عەرەبییەکان لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە هەواڵەکەیان ڕەتکردەوە، بەڵام دوێنێ دووشەممە ١٩ی٤ی٢٠٢١، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەبێ ئەوەی هەواڵەکە پشتڕاست یاخود رەتبکاتەوە، رایگەیاند، ئێران پێشوازی لە دانوستان لەگەڵ سعودیە دەکات.



ڕیکلام