گەڕێکی دیکەی دانوستانی ئێران و وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەستیپێکرد

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەئامانجی گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە، گەڕێکی دیکەی دانوستانی تاران و وڵاتانی 4+1 دەستیپێکرد.

پاش ئەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو ٦ی٤ی٢٠٢١، نوێنەرانی ئێران و وڵاتانی روسیا و چین و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ٩ی٤ی٢٠٢١ جارێکی تر کۆبوونەوە، بەئامانجی گەڕاندنەوەی واشنتن بۆ رێککەوتنەکە و سنوردارکردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.

چەند رۆژ پێش ئێستا، عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینیدا دەردەکەوێت کە لایەنەکانی بەشدار لە دانوستانەکان جددین یاخود تەنها دەیانەوێت کات بەفێڕۆبدەن.

ئەمڕۆش پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە ئەمریکییەکان سەرقاڵی تاوتوێکردنی هەڵوێستەکانیانن و هەنگاو بەرەوە هەڵگرتنی گەمارۆکان دەهاوێژن".

لەپێناو سوککردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، ساڵی ٢٠١٥، رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان تاران و وڵاتانی 5+1 ئیمزا کرا، بەڵام رۆژی سێشەممە ٨ی٥ی٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە بڕیارێک کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنەکە و گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێرانی راگەیاند .

بەهاتنە سەرکاری جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیواکان بۆ گەڕانەوەی واشنتن بۆ رێککەوتنەوە و زیندوکردنەوەی، زیاتر بوون، ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر بەرپرسانی ئێران چەندین جار رایانگەیاندووە کە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لەوبارەیەوە رەتدەکەنەوە.



ڕیکلام