عەلی حەمە ساڵح: بەناوی پشکنینی کۆرۆناوە لەخاڵە سنورییەکان ملیۆنان دۆلار لە هاوڵاتیان وەردەگرێت

  2021-04-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک لە بابەتێکدا دەڵێت، بەناوی کۆمپانیاو و پشکنینی کۆرۆناوە لەخاڵە سنورییەکان ملیۆنان دۆلار لە هاوڵاتیان وەردەگرێت بەبێ سودی تەندروستی، ئەوە سەرەڕای جیاوازی لەنرخی پشکنینی کۆرۆنا و بێ پلانی لەنێوانیاندا، بۆیە داوا دەکات حکومەت ئەو پرۆسەیە رێکبخاتەوە و خۆی سەرپەرشتی بکات.

دەقى بابەتەکەى عەلى حەمە ساڵح:

ئەم دۆسیە بە فەرمی بۆ حکومەتیش نێردراوە، لام گرنگ بوو خەڵکی کوردستانیش ئاگاداری بن

بەڕێزان لە ئەنجومەنی وەزیران

بەناوی کۆمپانیاو و پشکنینی کۆرۆناوە لەخاڵە سنوریەکان  ملیۆنان دۆلار لە ھاوڵاتیان وەردەگرێت بەبێ سودی تەندروستی..

یەک: ئیبراھیم خەلیل، هەر هاوڵاتیەک یان شۆفێری بارھەڵگر لە تورکیا  دەگەڕێتەوە ، سەرەتا ١٠٠ دۆلار وەردەگیرا، دواتر کرا بە ٦٠ دۆلارو ئێستاش ٥٠ دۆلار!  بۆ ھەر پشکنینێکی کۆرۆنا وەردەگیرێت.. مانگانە بە گەشتیارو بارھەڵگرەوە نزیکەی ١٥٠ ھەزار پشکنین دەکرێت.. کە بۆ شەش مانگ نزیکەی ٤٥ ملیۆن دۆلارە داھاتە..  دراوە بە کۆمپانیای بارکۆ فارما..

لەکاتێکدا کۆمپانیا ھەبوە بە ١٠ دۆلار کەمتر دەیکرد!! بەڵام بەبێ ھیچ کێبرکێیەک بە زۆرترین نرخ درا!!

دوو: بۆ ئێران نرخی پشکنین٦٠ ھەزارە..

لە پەروێزخان تەنیا بۆ گەشتیاران دەکرێت و بۆ شۆفێری بارھەڵگرناکرێت! بۆ ھەردوو سەر وەردەگیرێت، ئەمڕۆ بڕۆ ٦٠ ھەزار و سبەی بگەڕێوە ٦٠ ھەزاری دیکەت لێوەردەگیرێت..

بەھاوبەشی کۆمپانیاو و حکومەت دەیکەن..

بەڵام بەرپرسان دەڵێن: تائێستا دیار نیە چەندی بۆ کێیە؟

لە باشماخ جیاوازە لە پەوێزخان، بۆ شۆفێری بارھەڵگریش پشکنین دەکرێت.. نرخ ھەر ٦٠ ھەزارە..

بارھەڵگریش پشکنینی بۆ دەکرێت کۆمپانیای ڕەزگە پشکنینی بۆ دەکات، بەڵام گەشتیار حکومەت دەیکات!

ئەنجام:

لە نێوان خاڵە سنوریەکاندا بێ پلانی و جیاوازی زۆر ھەیە..

پاش گفتوگۆ و ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵێک پزیشک، دەرکەوت نەک سودی نیە ئەم پشکنینە، بگرە  ڕەنگە زیانیشی ھەبێت..

ئەم بڕە پارەیە چەندین ملیۆن دۆلاری مانگانەیەو بە شێوەی قۆرخکاری  بۆ چەند کۆمپانیایەک وەردەگیرێت..

ئەو ھاوڵاتیە کۆرۆنای ھەبێت یانا نا، دێتە ناو کوردستان و تێکەڵاوی خەڵک دەبێت!!

دەڵێن: ئەگەر کۆرۆنات بوو بە نامەیەک ئاگادارت دەکەینەوە، دوای دوو ڕۆژ!!! دوای تێکەڵاوبوون لەگەڵ سەدان کەس!! دوای دوو ڕۆژ تووشبوی خۆی ھەست بە نیشانە دەکات!!

چەندین کەس گەڕاونەتەوەو ھیچ نامەیەکیان بۆ نەھاتوەو دوای ماوەیەک کۆرۆناش بون!!!

ئەگەر کەسێک کۆرۆناشی نەبێت، ئەگەری زۆر بەھێز ئەوەیە بەھۆی ئەم قەرەباڵخیەوە تووش ببێت..

ئەم پرۆسە تەنیا بۆ قازانجی چەند کۆمپانیایەکە..

ئێستا تورکیاو ئێران بۆ ھەرێم مەترسیدارترنین، چونکە ژمارەی تووشبوان بەراورد بە ڕێژەی دانیشتوان لە ھەرێمی کوردستان زیاترە تاوەکو تورکیاو ئێران!!..

داواکارم

-لێکۆڵینەوە بکرێت بزاندرێت سودی زانستی ئەم پشکنینە چیە؟

-ئەگەر  ئەم پشکنینە پێویستە بە نرخی تێچوو، بەو ڕێگا خێرایەی کە لە ١٠ خولەکدا ئەنجام دەردەچێت حکومەت خۆی بیکات..

عەلی حەمە ساڵح



ڕیکلام