چین بۆ ئەمریکا: دیموکراسیەت کۆکاکۆلا نییە

  2021-04-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند، دیموکراسیەت کۆکا کۆلا نییە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت جیهان بە گشتی ناچار بکات لەسەر هەمان ئەو تامکردنە بێت کە ئەو دایهێناوە.

وەزیری دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە پەیوەندیی ڤیدیۆیی لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجامیدا ڕایگەیاند، هیچ هێزیک ناتوانێت ئینکاری ئەو ئاراستەیە بکات، کە وڵاتانی دیکە دەیگرنە بەر، هیچ وڵاتێکیش سیستمەکە بە گوێرەی ڕازیبوون و رازی نەبوونی لایەنی بەرامبەر ناگۆڕێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆتایی گەلی ئەو وڵاتە دەتوانێت بڕیار بدات، ئایا ئەو سیستمە کە هەڵیبژاردووە راستە یاخود نا.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی چین جەختیکردەوە، ئەوان وڵات لەسەر بنەمای شێوازی بیانی بنیات نانێن، بە هیچ شێوەیەکیش ئایدۆلۆژیەتی خۆیان هەناردە ناکەن، داواش لە وڵاتانی دیکە ناکەن لاسایی ئەوان و شێوازەکانی چین بکەنەوە.

وەزیری دەرەوەی چین روونیکردەوە، وڵاتەکەی سیستمی دیوکراسی سۆسیالیستی پەیڕەو دەکات، کە ئاماژە بۆ ئیرادەی گەل و هاوتەبایە لەگەل تایبەتمەندی چین و دانیشتوانی وڵاتەکەش پشتیوانی دەکەن.

وانگ یی جەختیکردەوە، بە هیچ شێوەیەک جیهان ڕەزای نابێت پابەند بێت بەو بنەمایانەی کە هەندێک لە وڵاتانی خۆرئاوا دایانناوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی چین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد، بە پەیرەوکردن و بەکارهێنانی پێوەری دووفاقی لە جەنگی دژی تیرۆر، ئەو شێوازەش وایکردووە جیهان پرسیاری ئەوە بکات، کە ئایا واشنتۆن هیچ بنەما و بیرو باوەڕێکی هەیە.



ڕیکلام