رۆژهەڵاتی کوردستان.. پێنج کۆڵبەر بەتەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربوون

  2021-04-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە سنورەکانی شاری مەریوانی سەربە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنج کۆڵبەر بەتەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربوون.

بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی٦ی٢٠٢١، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنوری قوڵقوڵەی شاری مەریوان، تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لانیکەم پێنج کۆڵبەر برینداربوون.

ئاماژی بەوەشکردووە، ئەو پێنج کۆڵبەرە بریتین لە کاروان مەنوچێهری، زانیار حاتەم پەنا، سەلاح وەتەن دۆست، سۆران وەتەن دوست و ئارام مەنوچێهری کە خەڵکی شاری مەریوان و گوندی میراوای ئەو شارەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو کۆڵبەرانە دوای ئەوەی کەوتوونەتە بۆسەی هیزەکانی سەر سنور، برینداربوون و پاش برینداربوونیان، لەلایەن خەڵكی ناوچەکەوە بۆ نەخۆشخانەی "بوعەلی" مەریوان گوازراونەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو راشیگەیاندووە،  تائێستا چارەنووسی لانیکەم ٣٠ کۆڵبەری دیکەی ئەو کاروانە نادیارە کە تەقەیان لێکراوە.

ساڵانە بەدەیان کۆڵبەر لە ڕێگا پڕ لە مەترسییەکانی سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدەن و برینداردەبن کە زۆربەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج.


ڕیکلام