لە یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دوو برایان دایە بەر دەسڕێژی گوللە و بەوهۆیەوە هەر دوو براکە کوژران .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی٢ی٢٠٢١، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لەسەر رێگای نێوان گوندی "شیناوا" و گوندی "زێدان"ی سەر بە شاری پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە، دەسڕێژی گوللەیان لە ئوتۆمبێلێک کردووە کە دوو برای تێدابووە و لە ئاکامدا هەر دوو براکە گیانیان لەدەستداوە.
ئاشکراشیکردووە، ناوی ئەو دوو برایە "عەبدوڵڵا نادری" و "عوسمان نادری"یە و کوڕی مارف و خەڵکی پیرانشارن .
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تەرمی ئەو دوو برایە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گوازراونەتەوە بۆ پیرانشار .
هەر بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای ئەو رووداوە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار باوک و دایک و چەندین کەسی دیکەی لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو دوو برایە دەستبەسەرکردووە.