رۆژهەڵاتی کوردستان.. پاش هەفتەیەک تەرمی پێنج کۆڵبەر دۆزرانەوە

  2021-01-25  | 
روژهەڵاتی کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاش هەفتەیەک لە گیان لەدەستدانی پێنج کۆڵبەری خەڵکی ورمێ لە سنورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان کە بە هۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان لەدەستدا، تەرمەکانیان دۆزرانەوە.

میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، پاش هەفتەیەک لە گیان لەدەستدانی پێنج کۆڵبەری خەڵکی گوندی کوران-ی سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆست لە پارێزگای ورمێ، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی١ی٢٠٢١،  تەرمەکانیان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراونەتەوە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی کوران بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوی راگەیاندووە، "لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی ئێران هیچ جۆرە هاوکارییەکی ئەو بنەماڵانەیان نەکردووە و هێزە چەکدارەکانی تورکیاش هەڕەشەی تەقەکردنیان لەو خەڵکە کردووە کە بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکان ڕوویان لە شوێنی ڕووداوەکە کردووە".

ئەو پێنج کۆڵبەرە ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی گوندی دریشک-ی سەر بە پارێزگای وانی باکوری کوردستان، کە بەمەبەستی هێنانی بارە جگەرە روویان لەو ناوچەیە کردبوو، کەوتنە ژێر هەرەسی بەفرەوە و گیانیان لەدەستدا.

ناوی ئەو پێنج کۆڵبەرە بریتین لە، ئەولایی خودایی کوڕی حاتەم، فورات خودایی کوڕی خورشید، مەتین ئەسڵانی کوڕی عوسمان، بیلەن ئەحمەدی کوڕی سادق و یاوەر ئەسڵانی کوڕی لوقمان.


ڕیکلام