عەلی حەمە ساڵح: نیشتیمان لەبەردەم داگیرکاری تورکیادایە و سەرۆکایەتی هەرێم بێدەنگیان هەڵبژاردوە

  2021-04-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێرش و لەشگرکێشیەکانى تورکیا بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان، کاردانەوەى لێدەکەوێتەوە و ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستانیش دەڵێت، نیشتیمان لەبەردەم داگیرکاریەکی گەورەدایە و سەرۆکایەتی و حیزبە سیاسیەکانی هەرێم بێدەنگیان هەڵبژاردوە.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک نوسیویەتى، لەدوێنێوە تورکیا پرۆسەیەکی گەورەی داگیرکاری بەناوی پڕۆسەی چنگی هەورە بروسکە دەستپێکردوە، ئەمە گەورەترین داگیرکاریە لە مێژوی لەشکر کێشیەکانی تورکیادا، بەپێی هەندێک سەرچاوە، زناری کێستەی داگیرکردوە کە بەرزیەکەی دوو هەزار مەترەو شوێنێکی ستراتیژیە، هەروەها هێرشی بەردەوام هەیە بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی زاپ و بۆتان ئاڤاشینی  بە درێژایی ١٠٠ کیلۆمەترو دەیەوێت بەڕوبەری ٥٠ کیلۆمەتری دیکە بێتە قوڵای هەرێمی کوردستانەوە.

لە بەشێکى ترى نوسینەکەیدا، ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان، ئاماژەبۆ ئەوەدەکات کە، ئەم ناوچانەی کە تورکیا کە هێرشەکانی لێوە ئەنجام دەدات ناوچەی گرنگ و ستراتیژین و مەترسیە بۆسەر هەموو هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت: بەداخەوە سەرۆکایەتی و حیزبە سیاسیەکانی هەرێم بێدەنگیان هەڵبژارد، ئەگەر بابەت گەریلاکانی پەکەکەیە با تورکیا ئەو ناوچانە ڕادەستی پێشمەرگە بکات.

لە کۆتایشدا دەڵێت: خەڵکی کوردستان بەشتی لاوەکیەوە سەرقاڵەو نیشتیمان لەبەردەم داگیرکاریەکی گەورەدایە.



ڕیکلام