ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئینگلاند راگەیەندراو گۆڕانکاری لە پێگەی حزبەکانی وڵاتەکەدا رویدا، پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار بوە سێهەم و پارتی کرێکاران پلەی یەکەم و پارتی لیبڕاڵ دیموکرات پلەی دوەمی بەدەستهێنا.
بەگوێرەی ئەنجامی راگەیەندراوی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئینگلاند، پارتی پارێزگارانی حوکمڕانی بریتانیا زیانێکی زۆری بەرکەوت، ئەوەش زیاتر چاوەڕوانییەکانیان بەهێزتر کرد کە پارتی کرێکاران دوای ١٤ ساڵ لە هەڵبژاردنێکی گشتی بریتانیادا بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات کە لە چەند مانگی داهاتودا بەڕێوەدەچێت.
لۆرد بن هۆشن، کاندیدی پارتی پارێزگاران دوای دوبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی شارەوانی تیس لە باکوری ئینگلاند لەگەڵ ریشی سەناک، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا
پارتی کرێکاران کۆنتڕۆڵی ئەو ئەنجومەنانەی لە ئینگلتەرا بەدەستهێنا کە پارتەکە دەیان ساڵە بەدەستیان نەهێناوە، توانی ١٠٢٦ کورسی لەسەرجەم شارەوانییەکان بباتەوە و ١٧٣ کورسی زیادیکردوە، هاوکات پارتی پارێزگارانی حوکمڕانی ئێستای بریتانیا ٤٦٨ کورسی بەدەستهێناوە و چوەتە ریزبەندی سێیەم و ٤٤٦ کورسی لەدەستداوە.
هەروەها پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی بریتانیا بە بەدەستهێنانی ٥٠٠ کورسی شارەوانییەکان توانیویەتی ببێتە دوەم بەهێزترین پارتی وڵاتەکە و ١٠٠ کورسی زیادی کردوە.
ئەگەر ئەو ئەنجامانە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی بریتانیادا دوبارە ببنەوە، ئەوا پارتی کرێکاران دەبێتەوە پارتی دەسەڵاتدار لە وڵاتەکە و گەورەترین شکست روبەڕوی پارتی پارێزگاران دەکاتەوە.